سەردێر

عامریش پشتی مالیكی بەردەدات

خەڵك-
موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر ڕایدەگەیەنێت، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ڕازیی بووە لەسەر بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ سەدرییەكان، بەبێ‌ نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەڵام بابەتەكە تائێستا یەكلایی نەبۆتەوە.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، سەدر لە وتارێكیدا ڕایگەیاند”عامری ڕازیی بووە بەبێ‌ مالیكی ببێتە هاوپەیمانیان، بەڵام بابەتەكە تائێستا یەكلایی نەبۆتەوە”.

بە وتەی ڕابەری ڕەوتی سەدر”ئەوەی كردووە بە مەرج بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی كە بەبێ‌ مالیكی ببنە هاوپەیمانی، بەڵام ڕەتیانكردۆتەوە، ئەمیش تەئكیدی لەسەر حكومەتی زۆرینە كردۆتەوە بۆ هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی”.

سەدر دەڵێت”داوای لە هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە لە حەننانە لەگەڵیدا كۆببنەوە، بەڵام ڕەتیانكرۆدۆتەوە، عامریش ڕازیی بووە بەبێ‌ مالیكی ببێتە هاوپەیمانیان و بابەتەكەش تائێستا یەكلایی نەبۆتەوە”.

لە كۆتایی قسەكانیدا ڕابەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند”چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەتیكردۆتەوە لەئێستادا بەگژداچوونەوەی گەندەڵی بكرێت”.