سەردێر

وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی پرسەوە چەند بڕيارێكی دەركرد

خەڵك

دانانی پرسە بۆ ماوەی یەك ڕۆژ دەبێت تەنیا ئێواران و بۆ هەر رۆژێكیش ماوەی سێ كاتژمێر پرسە دادەندرێت، نرخی قورئان خوێندنیش لە 50 هەزارەوە بۆ 75 هەزار دینار دەبێت.

شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی ئیرشادی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دانانی پرسە بۆ ماوەی یەك ڕۆژ دەبێت تەنیا ئێواران و بۆ هەر رۆژێكیش ماوەی سێ كاتژمێر پرسە دادەندرێت.

وتیشی، یەكێكی دیكە لەمەرجەكان دانانی كورسییە یان دانیشتنی بەشدار بوانی پرسەیە كە دەبێت نێوانیان مەترێك بێت و ماسك ببەسترێت.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، نابێت هۆڵەكان و شوێنی پرسە دانان زۆر قەرەباڵغ بێت و پێویستە لە دوای خوێندنی سورەتی فاتیحەو دوعا كردن بۆ مردوو خەڵك بڕوات بۆ ئەوەی خەڵكێكی تر بەشداری پرسەكە بكەن و نەبێتە هۆی تێكەڵاوی زۆر، ئەوەش بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

پێویست ناكات خەڵك لە شارەكانی ترەوە یان لە شوێنی دوورەوە بچن بۆ پرسە.

سزای هەر كەسێكی خاوەن پرسە دەدرێت كە پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكانی پرسە دانان.

وەزارەتی ئەوقاف نرخی قورئانخوێندنی بۆ قورئانخوێنان دیاریكردووە، نرخی قورئان خوێندن بەئامێرەكانیشەوە لە ٥٠ هەزار بۆ ٧٥ هەزار دینار دەبێت، یان ئامێری تۆماركراوی قورئان بەكاربێت.

دەنگی قورئان خوێن دەگوازرێتەوە بۆ پرسەی ژنان و لەناو ژنان قورئانخوێن دانانرێت.