سەردێر

پەڕلەرمانتارێکی پارتی؛ عورف نیه‌ پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یه‌كێتی بێت

خەڵک

ئەندامێکی پەڕلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت؛ دانانی سه‌رۆك كۆمار له‌ رابردوو بۆ كورد بۆ رۆڵی سه‌رۆك بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵی بۆ سه‌رجه‌م كورد داوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراق .

د. رێبوار بابکەیی – ئەندامی پەرلەمانی کوردستان له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ بەرنامەی رۆژەڤی کوردستان، وتی: ئه‌و ناكۆكییه‌ی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر پرسی سه‌رۆك كۆمار ، بۆ رۆڵی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌ویش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و پارته‌ كه‌ ئاسته‌نگ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م چۆنیه‌تی ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك كۆماری عێراق .

 روونیشیكرده‌وه‌،  دانانی سه‌رۆك كۆمار پێویسته‌ زیاتر كورد به‌ ده‌سته‌جه‌معی و ته‌وافوق یه‌كلایی بكاته‌وه‌، نابێت هیچ لایه‌نێك ئه‌و پۆسته‌ به‌ ئیستیحقاقی خۆی بزانێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش روویدا ئه‌وا ده‌بێ ئه‌و لایه‌نه‌ پشت به‌ پێوه‌ر ببه‌ستێت، ڕاسته‌ عورفه‌ ئه‌و پۆسته‌ بۆ كورد بێت، به‌ڵام عورف نیه‌ بۆ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بێت .

د. رێبوار بابکەیی دەڵێت؛ یه‌كێتی دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی رازی بوون به‌وه‌ی داواكاری كورد یه‌كبخه‌ن بۆ گفتوگۆكردن له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌ به‌غدا ، كه‌چی له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ ته‌نها تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، به‌ڵێنی خۆی شكاند و به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نه‌كرد و ده‌نگی به‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و نوێنه‌ری كورد نه‌دا، ئه‌وه‌ په‌یمان شكاندن بوو له‌ لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ .

وتیشی؛ پێویسته‌ كورد كه‌سێك بكاته‌ سه‌رۆك كۆمار سوودی بۆ پێكهاته‌ی كورد هه‌بێت و پارێزه‌ری ده‌ستوور بێت، سیناریۆی 2018ش، دووباره‌ نابێته‌وه‌ .