سەردێر

دیلەكانی رۆژئاوا بوونە بار بەسەر رۆژئاوای كوردستانەوە

خەڵك

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ئەو زیندانە، كە چەتەكانی داعشی تیادایە، زیندانێك نییە، كە تاوانبارانی تیرۆری تیادا رابگیرێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێن و ئیمكانیەتەوە لەوێ ڕاگیراون و پێشتر چەندین جار بۆ دادگایی كردنی چەتەكان داوامان لە هێزە نێونەتەوەییەكان كردووە، بەڵام لەو بوارەدا هەنگاویان نەناوە.

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئاژانسی فوراِت ڕایگەیاند، تا ئێستا وەڵامی ئەرێنیان نەداوەتەوە بۆ داواكارییەكانیان “تا ئێستا هیچ كەسێك بۆ دروستكردنی زیندانێك، كە بتوانرێت زیندانیانی داعشی تیادا رابگیرێت بەرپرسیارێتیی خۆی بەجدی جێبەجێ نەكردووە. جگە لەوەش هیچ كەسێك هەوڵی چارەسەركردنی لایەنی ئابووری و كەمیی ئیمكانیەت لە ناوچەكەدا نەداوه. كاتێك هەموو ئەو هۆكارانە پێكەوە هەڵدەسەنگێنین، ئەوە روون دەبێتەوە، كە هێرشەكانی ئەم دواییەی داعشیش بۆ و چۆن روویانداوە”.

دەشڵێـت: هەزاران خێزانی داعشیش لە كامپی هۆلدا هەیە. هەرچەندە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری داوای لەو وڵاتانە كردووە، كە ئەو داعشانەی هاووڵاتییانن وەربگرنەوە، بەڵام هیچ كەس خۆی لەوە نادات. ئەوە لەگەڵ تێچوویەكی زۆر گەورەی ئابووری دەبێتە هۆی لاوازیی ئەمنیی جدی. هێرشی قورسی دەوڵەتی تورك و چەتەكانیش ئەو لاوازییە ئەمنییە زیاتر دەكات. چەتەكانی داعشیش سوودیان لەوە وەرگرتووە. هەرچەندە ئێمە بە بەردەوامی ڕامانگەیاندووە، هەڕەشەی داعش بەردەوامە و ئەمەش هەڕەشەیەكی جدییە، بەڵام هەمیشە ئەوە پشتگوێخراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دواین ڕووداو جارێكی دیكە دەریخست، كە داعش دەتوانێت زۆر چالاكانە خۆی بە شانە نهێنییەكانی ڕێكبخات و ببێتە هەڕەشەیەكی جدی.

دەڵێـت “هیوادارین ئەم دۆخە لە ئێستاوە باشتر ببینرێت و سیستمی خۆبەڕێوەبەری و هێزەكانی ئاسایش زیاتر لە ڕووی لۆجستیكی و ئابووری و تەكنیكی و هەواڵگرییەوە پشتیوانییان لێ بكرێت. لەگەڵ ئەو پشتیوانییانەدا پشتوانیی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی و رای گشتی پێك بێت. هەڵهاتنی چەتەكانی داعش لە زیندان نەك تەنها بۆ كۆمەڵگا و بەڕێوبەرایەتی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵكو بۆ هەموو وڵاتانی دیكەش هەڕەشە دەبێت”.