سەردێر

هەسەدە: چەكدارە هێرشبەرەكانی داعش لەنێو توركیاوە هاتوون

خەڵك

هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاشكرایكرد كۆتایی بە #داعش دێنین و ئەو بەڵایە لە كۆڵ جیهان دەكەینەوە.

فەرماندەیی گشتی هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، “كۆتایی بە رێكخراوی داعش دێنین و ئەو بەڵایە لە كۆڵی جیهان دەكەینەوە، ئەوە بڕیاری ئێمەیەو هەر بەرپەرچدانەوەیەكمان هەبێت لەو چوارچێوەیەدا دەبێت.”

راشیگەیاند، ژمارەیەكی كەم لە بەندكراوانی داعش توانیویانە بگەنە بینای كۆلیژی‌ ئابوری نزیك لە بەندیخانەكەو هێزەكانمان توانیویانە بەشێوەیەكی تەواوەتی كۆنترۆڵی چواردەوری بەندیخانەكە بكەن.

رونیشیكردەوە زۆربەی‌ هێرشكەرەكانی داعش كوژراون، بەڵام گیراوانی ناو بەندیخانەكە، هێرشیانكردوەتە سەر ستافی پزیشكی و چێشتلێنەران و پاسەوانەكان، هیچ زانیارییەكی رون سەبارەت بە چارەنوسی ئەو كارمەندانە نییە.

دەشڵێت: بەپێی دانپێدانانی ئەوانەی‌ دەستگیركراون، 200 تیرۆریست بەشداری هێرشەكەی‌ سەر بەندیخانەی‌ سەناعەیان كردووە، هەندێك لەوانە لە ناوچەكانی سەرێ كانی و گرێ سپی و عێراقەوە هاتون و سەرجەمیان لە گەڕەكی غوێران كۆبونەتەوە‌و ئامادەكارییەكانی هێرشەكە شەش مانگ دەبێت پلانی بۆ كێشراوەو لە 20ی‌ مانگ وادەی‌ جێبەجێكردنەكەی‌ بووە.

فەرماندەیی گشتی هەسەدە ئاشكراشیكردوە، زیاتر لە 75 لە داعشەكان كوژراون و 15یان لەوانە بون كە گیراون و لەكاتی پێكدادانەكاندا كوژراون.

هاوكات باس لەوەشكراوە، لەناو دە هەزار شەڕڤانی هەسەدەو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كە بەشداری بەرپەرچدانەوەی‌ هێرشەكەیان كرد، 27 شەڕڤان و كارمەندی ئاسایش شەهید بون.

ئاشكراشیكرد دانپیانانی داعشە گیراوەكان دەریخستوە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی توركیاوە هاتون و ئەوانەشیان ویستویانە هەڵبێن، دەچونە ئەو ناوچانە، دەریشكەوتوە، كە چەندین سەركردەو فەرماندەی‌ داعش لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستاندان كە ئێستا لەلایەن توركیاوە داگیركراوە.