سەردێر

“لەسەر تێكدانی ماڵی شیعە، ئێران هۆشداری داوەتە یەكێتی‌و پارتی”

  • خەڵك-

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران ڕایدەگەیەنێت، نابێت كورد ببینە هۆی لێكترازانی ماڵی شیعە.

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ئەوەی گرنگە بۆ ئێستای كورد یەكڕیزی نێوماڵی كوردییە‌و نەبینە تەرەفی هیچ لایەنێكی تر، ترسم لەوە هەیە هەندێك سیاسەت لە عێراقدا بمانگەڕێنێتەوە بۆ شێوازێك لەو ڕووداوانەی لە كاتی ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم بینران، چونكە ئەوانەی هەندێكجار كە پشتیوانی لە كورد یان لە شیعە دەكەن ڕەنگە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی سوننە بێت، چونكە لە ئێستادا دژەكانی ناو سوننە زۆر بە ئاسانی یەكیان گرتووەتەوە، بۆیە كۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆی هەیە ئەمە بە پیلانێك بزانێت بۆ تێكدانی نێوماڵی شیعە، چونكە لە بەشی زۆرینەی دەسەڵاتیان دەردەهێنێت بۆ دەسەڵاتدارێتی لە حوكم.

سەبارەت بە پەیامی هۆشداری ئێران بە لایەنە كوردییەكان، ناوبرا دەڵێت”ئەم پەیامە هی ئێستا نیـیە، چەند مانگ پێش ئێستاش كە قائانی سەردانی هەولێر و سلێمانی كرد هەمان پەیامیدا بە لایەنە كوردییەكان‌و، وتی”كورد نابێت ببێتە لایەنگری لایەنێكی شیعە بۆ دروستكردنی زۆرینەیەك بۆ دیاریكردنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران”، وە نوێترین پەیامیش هەر ئەوە بووە كە كورد لە ڕێگای سازانەوە كێشەكانی خۆیان چارەسەربكەن و نەبنە تەرەف بەناوی زۆرینەوە لایەنێك وەدەرنێن”.

لەبارەی ئەوەی ئەگەر لایەنە كوردییەكان بەگوێی هۆشداریەكەی ئێران نەكەن، نازم دەباغ وتی”نازانم ئێران چی دەكات، بۆی هەیە هیچ نەكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە شتێك لە زیانی ئێران بێت، وە بیانەوێت بە ڕێگایەك لە ڕێگاكان نفوزی ئێران لە عێراق كەمبكرێتەوە یان نەهێڵرێت وە هێز و تواناكەی كە شیعەیە لە عێراق پەرش و بڵاوی بكەن بەدڵنیاییەوە ئێران بەرپەرچدانەوەی دەبێت، ئیتر ئەو بەرپەرچدانەوەیە، سیاسی بێت، عەسكەری بێت”.

سەبارەت بە پشتگیری ئێران بۆ كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار؟ دەباغ ئاشكرایكرد، ئێران پشتگیری لە كاندیدی یەكڕیزی كورد دەكات، پشتگیریش لەو كاندیدە دەكات كە گەلی عێراق دەیەوێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوەی من گوێبیست بووم لە زۆرینەی بەرپرسەكانی ئێرە دەڵێن(ئەگەر ئازادی هەبێت، ئەندام پەڕلەمان بەدەستی خۆی بێت) بەدڵنیاییەوە دەنگ دەدرێت بە د.بەرهەم بۆ سەرۆك كۆمار، ئەوەی هەستی پێدەكرێت ئێستا ئێران لەگەڵ نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتیە لەسەر بابەتی سەرۆك كۆمار، بەڵام بە پاراستنی مافەكانی یەكێتی.