سەردێر

مەحموود ئیسماعیل؛ “حکومەت لە چارەسەرکردنی کێشەی کرێنشینیدا کەمتەرخەمە”

خەڵک

سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکی لەمافی کرێنشینان ڕایدەگەیەنێت، هاتنی ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و عەرەب لەناوچەکانی تری عێراق، وایکردوە فشارێکی زۆر دروستبکات لەشارو و شارۆچکەکان و ژمارەی کرێنشینان زیاتربێت لەهەولێر، مەحموود ئیسماعیل؛ لەدیمانەیەکدا بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، زیادبوونی ئاوارە و عەرەب کاریگەری لەسەر زیادبوونی نرخی کرێ هەبووە، پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوونیش بەهۆی زۆری نرخ و قیستی مانگانە لەبەرژەوەندی کرێنیشان نیە، ناوبراو لەم دیمانەیەدا وەڵامی چەند پرسیارێکی خەڵک دەداتەوە.

  • خەڵک؛ کێشەی کرێنشیان بۆچی بەردەوام لەزیادبوونە؟

مەحموود ئیسماعیل؛ هاتنی ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و عەرەب لەناوچەکانی تری عێراق، وایکردوە فشارێکی زۆر دروستبکات لەشارو و شارۆچکەکان و ژمارەی کرێنشینان زیاتربێت لە هەولێر، ڕۆژانەش ژمارەی کرێنشینان زیاد دەبێت و بەشێکیش لەکرێنشینان خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونیان دەست ناکەوێت، ئەمانەش چەندین هۆکاری هەیە.

  • خەڵک؛ ژمارەی کرێنشین لەهەولێر چەندە؟

مەحموود ئیسماعیل؛ ئەوەی لای ئێمە تۆمارکراوە لەسەرووی ٢٣ هەزار کەس ناسنامەی کۆمەڵەکەی ئێمەی هەیە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانمان بەهاوکاری چەند ڕێکخراوێک لەسنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی ٧٨ هەزار کرێنشین هەیە، ڕێژەکەش لەناو هەولێر زیاترە بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە ڕەنگە ناو هەولێر ٤٥ هەزار کرێنشینی تێدابێت.

  • خەڵک؛ پڕۆژەکانی تایبەت بەچارەسەری کێشەی کرێنشینان بەکوێ گەیشت؟

مەحموود ئیسماعیل؛ ئەو پڕۆژانەی بۆ کرێنشینان بوو لەهەولێر سێ پڕۆژە بووە لەساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستی پێکرد، کە دووپڕۆژه دابەشکران، پڕۆژەیەکیش تەواو کراوە دابەش نەکراوە، بەڵام پڕۆژەکان کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی کرێنشنان نەبووە، چونکە پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون لەهەولێر زۆر کەمە، لەکاتێکدا ڕۆژ بەڕۆژ قەبارەی شاریش گەورەتر دەبێت، لە٢٠١٦ەوە فەرمانی دابەشکردنی زەوی وەستاوە، ئەمانە کاریگەری زۆر لەسەر زیادبوونی ڕێژەی کرێنشینان هەبووە، بەڵام ئەگەر بێت و پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ئێستاش جێبەجێ بکرێن بەو پارەیەی بۆیەکەی نیشتەجێبوون تەرخانکراوە لەڕابردوو، وە ساڵانە پڕۆژەیان هەبێت کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کرێنشینان، چونکە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە بەقیستی درێژخایەنی ٢٥ ساڵە بەبێ پێشەکی، بەڵام بەداخەوە ۹ ساڵە نزیکەی ٩ هەزار و ٨٤٧ یەکەی نیشتەجێبوون لەهەرێمی کوردستان دروستکراوە بەپێی پڕۆژەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دابەش نەکراوە، چونکە پێویستی بەخزمەتگوزاری و تەواوکردنی بەشێکیان هەیە.

  • خەڵک؛ بۆچی دابەشنەکراون؟

مەحموود ئیسماعیل؛ پێویستە هەماهەنگی باشتر و پلانی باشتر هەبێت، پارەش بۆ تەواوکردنی ئەو یەکە نیشتەجێیانە دابین بکرێن و تەواو بکرێن، بەڵام حکومەت کەمتەرخەمە که زۆر گرنگی بەکرێنشنان نەداوە تائێستا، ئەگەرنا وەبەرهێن هەیە حکومەت زەوی پێبدات ئامادەیە بەقستی درێژخایەن پڕۆژە بۆ بەرژەوەندی کرێنشنان دروست بکات، حکومەتیش نەخشتە ڕێگای هەبێت ئێستا بەپێی پڕۆژەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ٣٩٦ یەکەی نیشتەجێبوونە، بەڵام خزمەتگوزاری سەرەتایی ماوە حکومەتیش پارەی کەمی بۆ تەرخان دەکات، بەهۆی چەند فاکتەرێکی وەکو شەڕی داعش و قەیرانی دارایی.

  • خەڵک؛ ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون هەن ئایا ئەمانە کاریگەرییان نەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی کرێنشینان؟

مەحموود ئیسماعیل؛ ژمارەی پڕۆژەکان زۆرە، بەڵام پارەی پڕۆژەکان زۆرە بۆ کەسێک کرێنشین بێت، بەنموونە کرێنشین ناتوانێ بڕی ٥ هەزار دۆلار بدات بەیەکەیەکی نیشتەجێبوون، چونکە پێشەکی و مانگانەی زۆرە، لێرەش تەنها پارەدارەکان سوود لەپڕۆژەکان دەبینن، چونکە کرێنشین پشتی بەستووە بەمووچەکەی یان کرێی ڕۆژانەی کارەکەی.

  • خەڵک؛ ئاوارەکان کاریگەریان لەسەر زیادبوونی نرخی کرێی خانووبەرە هەبووە؟

مەحموود ئیسماعیل؛ بەدڵنیایی زیادبوونی ئاوارە و عەرەب کاریگەری لەسەر زیادبوونی نرخی کرێ هەبووە، پێشمەرگە هەبووە کرێنشین بووە لەماوەیەکی کەم چوارخانووی گۆڕیوە، چونکە کەسی تر هاتووە پارەی زیاتری لەو داوەتە خاوەنەکەی چونکە خەڵکی تر ئامادەیە کرێی زیاتر بدات، بەتایبەت عەرەبەکان ئەوان پارەی مانگانە و مووچەکانیان بێ کێشەیە، هاووڵاتی خانووەکەی دەدات بەوان، داوامان کردوە یاسای بەکرێیدانی خانووبەرە هەمواربکرێتەوە لەڕابردووش داوامانکردوە تاوەکو هەموارکردنەوەکە لەبەرژەوەندی کرێنشین بێت، بەڵام بەداخەوە نەکرا، ئێستا هیچ یاسایەک نیە بۆ بەکرێدانی خانووبەرە، ڕۆژانەش چەندین کێشە ڕووبەڕووی کرێنشینان دەبێتەوە.