سەردێر

مامۆستایەك: ئێستا كۆمەڵگە بێ مامۆستایی پێوە دیارە

خەڵك-
ڕۆژ بەڕۆژ قەیران و كێشەكان بۆ هاووڵاتیان زیاد دەكات لە گرانی و نەبوونی سووتەمەنی و زۆری باج و ڕسومات و دواكەوتنی مووچە، بەڵام هاووڵاتیان بێدەنگن و مامۆستایەك دەڵێت: ئێستا كۆمەڵگە بێ مامۆستایی پێوە دیارە.

مامۆستا سامان عەلی، لە وتارێكدا، كە لە هەژماری مامۆستایانی سلێمانی بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، ئێستا كۆمەڵگە بێ مامۆستایی پێوە دیارە، دەنگێكی بوێر شك نابات هاواربكات دژی نادادی و فەساد و گەندەڵی.

دەشڵێت: “مامۆستایان چرای گەش و دەنگی بوێر و هاواری چەوساوەكان بوون، مامۆستایان سەرمەشقی ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەی ستەمكاری بوون، بەڵام خەڵك نرخی نەزانین و پشتیوانیان نەبوون لەكاتێكدا مامۆستایان جوانترین هەڵوێستان بۆ مێژوو تۆماركرد”.

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشكردووە، تا مامۆستایان لەشەقام بوون، دەسەڵات جورئەتی دەركردنی ئەو هەموو بڕیارە ستەمكاڕانەی نەبوو، هەرچەندە مووچەخۆران چارەكە مووچەیان وەردەگرت، بەڵام ژیان نیوەی هێندەی ئێستا ناڕەحەت و دژوار نەبوو.