سەردێر

دوو شەپۆلی دیكەی بەفر و بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-

بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە ئەم شەپۆلە سەرما و سۆڵەیە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت و ڕاستەخۆ شەپۆلێكی بەفر و باران بەشێكی هەرێم دەگرێتەوە و لە كۆتایی هەفتەشەوە شەپۆلێكی دیكە دەستپێدەكاتەوە بەشێوەی بەفر و باران.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ڕۆژی دوو شەممە ٢٤-١-٢٠٢٢ی ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیە شەپۆلێكی لاواز و كورت خایانی بەفر و بارانبارین ناوچە شاخاویەكانی سنوری پارێزگای دھۆك و ھەولێر دەگرێتەوە بە شێوەی بارینی بەفر بە ڕێژەیەكی كەم لەناوچەی شاخاویدا و لەسەنتەری شار و ناوچە نزمەكانیشدا بارانێكی كەم ئەگەری ئەبێت ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەكانی دیكەی ھەرێم كاریگەری نابێت .

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی چوار شەممە و پێنج شەممە ٢٧-١-٢٠٢٢ ی كۆتایی ھەفتە شەپۆلێكی مامناوەندی بەفر و بارانبارین ھەرێمی كوردستان بگرێتەوە كاریگەریەكانی بەشێوەی بەفر بارینی چر لەناوچە شاخاویەكاندا ئەبێت و ئەگەری بارینەوەی بەفریش لەناو سەنتەری شاری سلێمانی و دھۆكدا ئەبێت لەگەڵ بارینی باران بەرێژەی باش و مامناوەند لەناوچە نزمەكاندا.

ڕاشیگەیاند، ئەم دوو شەپۆلە بەھۆی بەردەوامی سیستەمە ھەواییە ساردەكانی جەمسەری باكورە بە ئاراستەی ناوچەكانمانەوە، كە لە ئەنجامی بەردەوامی ئەو بەرزە پاڵەپەستۆ بەھێزەیە، كە ماوەیەكی زۆرە لەسەر وڵاتانی رۆژئاوای كیشوەری ئەوروپا جێگیربووە.