سەردێر

ئایە هەموو منداڵێك دوای كوتان پێویستی بە دەرمانی دژە تا هەیە؟

خەڵك-
پزیشكێكی منداڵان ئاشكرای دەكات، كە بەكارهێنانی دەرمانی دژە تا لەدوای كوتان، سوودی كوتانەكە بۆ منداڵان كەمدەكاتەوە.

د. ئاكۆ كەریم، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، ئاشكرایە دوای هەندێ كوتان منداڵ تووشی ئازار و ناڕەحەتی و تا دەبێت، بەڵام هەموو منداڵێك تووشی تا نابێت و دایكان و باوكان بۆ كەمكردنەوەی تا یان لە ترسی دروست بوونی تا دەرمانی دژە تا دەدەن بە منداڵەكانیان.

دەشڵێت: “بە پێی زۆربەی توێژینەوەكان، بەكارهێنانی دژە تا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی سوودی تاكە بە جۆرێك ئاستی ئەو دژە تەنانەی، كە كوتانەكە دروستی دەكات بە هۆی دەرمانی تاكەوە كەم دروست دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەموو منداڵێك دوای كوتان تووشی تا نابێت یان گەر تووشیش بێت تای بەرز نابێت، كە بە فێنك كردنەوە و پێدانی شیر و شلەمەنی زۆر تاكەی باش دەبێت، بەڵام منداڵێك گەر پێشتر تووشی گەشكەی تا بووبێت یان لە خێزانی ئەو منداڵە كەسێك هەبووبێت تووشی گەشكەی تا بووبێت باشترە لەگەڵ فێنك كردنەوەدا دەرمانی تا وەربگرێت یان گەر منداڵێك تاكەی زۆر بەرزبوو واتا چووە سەروو ٣٨،٥ پلە باشترە دەرمانی تا وەربگرێت.

ئەو پزیشكە جەختیشی كردۆتەوە، “بەكورتی هەموو منداڵێك دوای كووتان پێویست ناكات دەرمانی دژە تا وەربگرێت”.