سەردێر

فەڕەنسا “حیجاب” لە پێشبڕكێ وەرزشییەكان قەدەغە دەكات

خەڵك-
پەڕلەمانی فەڕەنسا بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی باڵاپۆشی “حیجاب” لە پێشبڕكێ‌ وەرزشییەكان، ئەمەش لەكاتێكدایە، كە لە 2004 و 2011دا ئەو وڵاتە دوو بڕیاری دیكەی دژی حیجاب و ڕەمزە ئاینییەكان دەركرد.

بەپێی ڕاپۆرتێكی تۆڕی (سپوتنیك)ی ڕوسی، بەرپرسانی فەڕەنسا زۆرینەیان ھاوڕان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەكردنی حیجاب لە پێشبڕكێ‌ وەرزشییەكان و بیانووەكەشیان ئەوەشە “بێلایەنی ئایینی” پەیڕەو بكەن.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، بڕیارەكە لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای پەڕلەمانی فەڕەنساوە پەسەندكراوە بە زۆرینەی 160 دەنگ بەرامبەر بە ناڕەزایی 143 دەنگی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان.

بڕیارە بەم زووانە ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنی نیشتمانی و ئەنجوومەنی پیران كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەقەكە و لەوانەیە ھەمواردكردنەكە ھەڵبوەشێنرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە فەڕەنسا دوای قەدەغەكردنی ڕەمزی ئایینی لە خوێندنگەكان لە ساڵی (٢٠٠٤)دا، لە ساڵی (٢٠١١)شدا حیجابی لە شوێنە گشتیەكان قەدەغە كرد.