سەردێر

ئەمریكا هۆشداری دەستپێكردنی هێرشی رووسیای دا

خەڵك

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەنتۆنی بلینكن لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ ئۆكرانیا وتی ڕوسیا لەوانەیە ” لە ماوەیەكی زۆر كورتدا ” هێرش بكاتە سەر ئۆكرانیا، بەڵام واشنتن تاوەكو دەتوانێت لە هەوڵە دیبلۆماتیەكانی بەردەوام دەبێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئەمەریكا نازانێت ڕوسیا لەڕاستیدا چی دەوێت.

لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا بۆ دەرخستنی پشتیوانی ئەمەریكا بۆ ئەو وڵاتە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەنتۆنی بلینكن وتی ئۆكرانیەكان دەبێت خۆیان بۆ ڕۆژە سەختەكان ئامادە بكەن. وتیشی واشنتن بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئۆكرانیا لەڕووی بەرگرییەوە و دووبارە جەختی كردەوە سزای توند بەسەر ڕوسیادا دەسەپێندرێت ئەگەر ئۆكرانیا داگیربكات.

كرێملن وتی گرژییەكان سەبارەت بە ئۆكرانیا زیاتر بوون و هێشتا چاوەڕێی وەڵامی ئەمەریكایە سەبارەت بە داواكارییە ئاسایشییەكانی لە ڕۆژئاوا.

دوابەدوای سەردانەكەی بۆ ئۆكرانیا، بلینكن ڕۆژی هەینی لە جنێڤ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا كۆدەبێتەوە.

بلینكن لە ئۆكرانیا بەڵێنیدا ” هەوڵە دیبلۆماتیەكان زیاد بكات بۆ ڕێگە نەدان بە دوژمنكارییەكی دیكە و بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ و ئاشتی.” وتیشی هیچ هۆكارێك لە ئارادا نەبووە بۆ زیادبوونی هێزەكانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆكرانیا.

وتی ” دەزانین پلان هەن بۆ زیادكردنی ئەو هێزانە لە ماوەیەكی كورتدا، ئەمەش لە ماوەیەكی كورتدا توانایەك دەداتە سەرۆكی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بۆ ئەنجامدانی دوژمنكاری زیاتر دژی ئۆكرانیا.”

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا دمیترۆ كولیبا ڕوسیای تۆمەتبار كرد بەوەی ترس لەناو ئۆكرانیادا دەچێنێت. وتیشی ڕێگەی دیبلۆماسی تاكە چارەسەرە و لەسەر ئەو بنەمایەیە كە هیچ بڕیارێك بەبێ بەشداری ئۆكرانیا نادرێت.

وتیشی ” بنەماكە سادەیە، ئۆكرانیایەكی بەهێز باشترین ئامڕازە بۆ بەستنەوەی ڕوسیا.”