سەردێر

خاوەن زەویەكانی هەشتی حەسارۆك بەڵێنەكانیان بۆ جێبەجێنەكرا

خەڵك

لەبەردەم سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، خاوەن زەویەكانی هەشتی حەسارۆك گردبوونەوە و داوا دەكەن ئەو بەڵێنەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە ١٢ی ٥ی ٢٠٢١ بەخاوەن زەویەكانیدا جێبەجێ بكرێت، چونكە هەشت مانگە جگە لەهەندێك كاری كەم هیچ شتێك نەكرا بۆ ئەو زەویانە.

بەشێك لە خاوەن زەویەكانی ھەشتی حەسارۆك بە(خەڵك)یان ڕاگەیاند، لە ١٢ی ٥ی ٢٠٢١ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، بەڵێنیدا بەخاوەن زەویەكان، كەوا خزمەتگوزاری تەواوبێت بۆ ئەو زەویانە و ڕێگاش بدرێت بكرێنە خانوو، بەڵام هەشت مانگە جگە لەهەندێك كاری كەم هیچ شتێك نەكرا بۆ ئەو زەویانە.

دەشڵێن، ئێمە ئومێدمان بە مەسرور بارزانی هەیە كە شتێك بۆ ئەو زەویانە بكات و كێشەكانی كۆتایی بێت، چونكە ئەوانەی لەشارەوانی و پارێزگا ئەو كارەیان پێڕاسپێردراوە تائێستا كەمتەرخەم بوون لەجێبەجێكردنی بەڵێنی سەرۆكی حكومەت.

ئەوەش دەخەنەڕوو، نازانین كێ ڕێگرە لەوەی خزمەتگوزاری بێت بۆ هەشتی حەسارۆك، بەڵام دیارە كەوا كەسانێك هەن ڕێگرن ئەگەر خزمەتگوزاری بێت بۆ ئەو گەڕەكە ئەوا پڕۆژەكانی خۆیان شكست دێنێت، ڕەتیشیان كردەوە كەوا ئەوان خاوەن نوسینگەبن، چونكە خاوەن نوسینگەكان حەزدەكەن بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چونكە قازانجی زیاتری لێ دەكەن.