سەردێر

هەسەدە؛ توركیا لەماوەی ١٥ ڕۆژدا ٢٥٥ جار هێرشی كردووەتە سەر باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

خەڵك –
هێزەكانی سوریای دیموكراتی هەسەدە رشایدەگەیەنێت، چەكدارەكانی نزیك لە سوپا و دەوڵەتی توركیا لەماوەی ١٥ رۆژدا ٢٥٥ جار هێرشی كردووەتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان و باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) ئاماری هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا و چەكدارەكانی هاوپەیمانی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، توركیا لە بێدەنگی نێودەوڵەتی سوود وەردەگرێت و لەم ١٥ رۆژەی دواییدا بە هەلی زانیوە، كە هێرش بكاتە سەر شەهبا، منبج، كۆبانێ، عەین عیسا، تەل تەمر، رێگەی ئێم٤، تەل تەمر و دربێسی.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە دەوڵەتی توركیا بۆ ئەوەی هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمەكە بە ڕەوا پیشان بدات، بە بانگەشەكانی كە گوایە زۆر شەڕڤانی ئێمەی شەهید كردووە، ویستی ڕای گشتی هەڵخەڵەتێنێت، بەڵام بە پێچەوانەوە، هەموو هێرشەكانی لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنیمان ئەنجامداوە.

راگەیەنراوی هەسەدە بەم شێوەیەیە:
“دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی ساڵی ڕابردوو لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەموو پەیمانە نێودەوڵەتیەكان و هەرێمیەكانیان پێشێل كرد و زۆر تاوانیان ئەنجامدا و لە ١٥ رۆژی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا هێرشەكانیان زیاد كرد و بەردەوامی پێدا. دەوڵەتی داگیركەری تورك لە بێدەنگی نێودەوڵەتی سوود وەردەگرێت و لەم ١٥ رۆژەی دواییدا بە هەلی زانیوە كە هێرش بكارە سەر شەهبا، منبج، كۆبانێ، عەین عیسا، تەل تەمر، رێگەی ئێم٤، تەل تەمر و دربێسی. بۆ ئەوەی هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمەكە بە ڕەوا پیشان بدات، بە بانگەشەكانی كە گوایە زۆر شەڕڤانی ئێمەی شەهید كردووە، ویستی ڕای گشتی هەڵخەڵەتێنێت. بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەم ئامارەی كە لە خوارەوە ئاشكرای دەكەین، كە هەموو هێرشەكانی لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنیمان ئەنجامداوە و لە هەرێمەكە ئاڵۆزی، قڕكردن ئەنجام دەدات و دەیەوێت داعش زیندوو بكاتەوە و ئەوەش بە ئاشكرا دەبینرێت.

ئەنجامی هێرشی داگیركەری لە ١٥ رۆژی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بەم شێوەیەیە:

كۆبانێ

فڕۆكە چاودێریەكان ٢٠ جار لە ئاسمانی كۆبانێ و ٤ جار لەنێوان كۆبانێ و سڕیندا سووڕاونەتەوە.

لە ئەنجامی تۆپبارانی سوپای داگیركەری توركدا بۆ سەر كۆبانێ و گوندەكانی، ٥ كەس بە سەختی، ١٢ كەس بریندار بوون. چەند جار گوندی قەرەموخ كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كۆبانێ لەلایەن سوپای داگیركەری توركەوە تۆپباران كراوە. لە تۆپبارانەكەدا ٣ ژن و منداڵێك بریندار بوون. هەروەها كەسێكی بەتەمەنی گوندەكە لە ئەنجامی تۆپباراندا گیانی لەدەسیداوە.

سوپای تورك سەرەتا ناوەندی كۆبانێ و گوندەكانی و گرێ سپی كردە ئامانج. لەو چوارچێوەیەدا گوندەكانی قەرەموخ، خانێ، تەل حەجیب سەرزۆری، گولتەپە تۆپباران كرد. لە ئەنجامدا هاوڵاتیەكی مەدەنی شەهید بوو و ١١ هاوڵاتی مەدەنیش بریندار بوون. لەنێو بریندارەكاندا منداڵێك هەبوو كە قاچی پەڕیوە. فەرماندەییی تورك بە درۆ و بۆ چەواشەكاری دەڵێت كە گوایە ١٢ شەڕڤانی ئێمە شەهید بوون و بەم شێوەیە دەیەوێت شەهیدكردن و برینداركردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ڕای گشتی بشارێتەوە.

گرێ سپی

گوندەكانی رۆژئاوای گرێ سپیش بە چڕی تۆپباران دەكرێن. گوندەكانی كۆر حەسەن و خربێت بەقەر ٣ جار و گوندی گۆلتەپە ٦ جار بە ئۆبۆس تۆپبارانكراون. هەروەها گوندەكانی بیر ناسر دەیان جار تۆپبارانكراوە. هەروەها گوندەكانی سلێبی، بیر خات، ئوم حوەیش، خربێت فارس، سەرزۆری، حوریە، مختاریە و ئەلسوان بە چڕی بە هاوەن و ئۆبۆس تۆپبارانكراون. گوندی جڕین ٣ جار بە هاوەن و ٢ جاریش بە موشەك، گودی زەنوبیە ٣ جار و گوندی ئەلعەرێدا ٢ جار تۆپبارانكراون. لە ئەنجامی تۆپبارانەكەدا هاوڵاتیەكی مەدەنی بریندار بوو و زیانێكی زۆری مادی بەر گوندنشینان كەوتووە.

عەین عیسا

دەوڵەتی داگیركەری تورك گوندەكانی عەین عسیا لە دیوی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی بە ئۆبۆس و هاوەن و تانك كردووەتە ئامانج. گوندەكانی هۆشان و خالدیە كە دەكەونە رۆژئاوا عەین عیسا بە ئۆبۆس و هاوەن و تانك كراونەتە ئامانج. لە ئەنجامی بۆردومانەكەدا ٣ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون. لە گوندی سەفاویە و فاتسای ١١ گولەی هاوەن بەر گوندەكان كەوتوون. هەروەها بە ئۆبۆس هێرش كراوەتە سەر گوندی مشێرفای سەر رێگەی ئێم٤ و كەمپی عەین عیسا.

تەل تەمر

گوندەكانی تەل تەمر و زرگان بوونەتە ئامانجی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی. گوندەكانی ئوم ئەلكێف، تەل كیفچی، تەل تەویڵ، تەل جومعە و تەل شەنانی بە چڕی تۆپبارانكراون. هەروەها گوندی دردارا ٦ جار، ئەم ئەلكێف ٣٢ جار، ئەلعەبوش ٩ جار، تەل شەنان ٢ جار، گوندی كۆزەلی و تەل تەویل ١٠ جار و گوندی جومعە ٣ جار تۆپبارانكراون. لە زۆربەی گوندەكانی زیانی ماددی دروست بووە.

زرگان

سوپای داگیركەری تورك بە چڕی ناوەندی ناوچەی زرگانی بە ئۆبۆس تۆپباران كرد و بە ئۆبۆس و هاوەن هێرشی كردە سەر گوندەكانی ئەسەدیە، نویهات، تەلوەرد و یەل شەعیری زرگان.

هەروەها لەسەر هێڵی تەل تەمر و زرگان فڕۆكە چاودێریەكان چەندین رۆژ دەگەڕان.

منبج

لەسەر ئاسمانی منبج جموجووڵی فڕۆكە چاودیریەكان بەردەوام بوو و لە ئەنجامی هێرشی درۆنێكدا، كەسێكی مەدەنی بریندار بوو.

تەل رەعفەت

تەل رەفعەت و دەوروبەری بە ئۆبۆس تۆپبارانكران.

شەهبا

گوندەكانی سەر بە هەرێمی شەهبا و گوندەكانی سەر بە حەفرین، بە ئۆبۆس و هاوەن كرانە ئامانج. لە گوندەكانی دەقەنە ٦، تەل مادیقێ ٤، هربلێ ٤، منكسێ ٢، شواركا ٧ و بەنداوی شەهبا ٤ ئۆبۆس كەوتوونەتە خوارەوە. هەروەها گوندی بەلونیە و شێخ عیسا بە هاوەن تۆپبارانكران و ١٠ گولە هاوەن لەو دوو گوندە كەوتوونەتە خوارەوە.

گوندەكانی مەرەناز و مالكیەی سەر بە ناوچەی شەرای عەفرین بە ٩ گولەی ئوبوس و گوندی ئیرشادیەش بە ٦ گولەی ئوبوس تۆپبارانكراون. ٣٠ تۆپی هاوەنیش بەر گوندی سۆخانكێی شێراوا كەوتوون.

لەو هەرێمەكەدا تۆپبارانی سوپای داگیركەری تورك و جموجووڵی فڕۆكەكان چەند رۆژێك بەردەوام بوو.

سوپای داگیركەری تورك لە هێڵی شەهبا تاوەكو زرگان لە هەموو ساتێكدا بە چەكی قورس هێرش دەكات.

لەو ١٥ رۆژە سوپای داگیركەری تورك و چەتەكان، زیاتر لە ٢٢٥ جار بە هاوەن، ئۆبۆس و تانك هێرشی ئەنجامداوە. لە هێرشەكاندا ٣١ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون و هاوڵاتیەكیش شەهید بووە.

سوپای داگیركەری تورك و چەتەكانی ئەو شوێنانە دەكاتە ئامانج كە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیانی مەدەنین. مزگەوتی زرگانیش لەلایەن داگیركەرانەوە كرایە ئامانج.”