خەڵك
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی (هەپەگە) باڵی سەربازی پەكەكە ئاشكرایكرد هێرشیانكردووەتەسەر پێگەكانی سووپای توركیا لە باشووری كوردستان.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی (هەپەگە) باڵی سەربازی پەكەكە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێـت: لە ١٤ی كانوونی دووەم لە ناوچەی پیربلا، لە دوو باڵەوە سەنگەرەكانی توركیا لە سەر شاخی دووپشك كرانە ئامانج و لێیاندرا. لە ئەنجامی ئەو چالاكییەدا گورز لە ٣ سەنگەر درا.
روونیشیكردەوە، لە ١٣ و ١٤ و ١٥ی كانوونی دووەم فڕۆكە جەنگییەكان شاخی ئامێدی، كونیشكا، چەمچۆ و شەهید شاهین-یان لە ناوچەی زاپ بۆردوومان كرد.
ئاشكراشیكرد ڕۆژی ١٣ی كانوونی دووەم كاتژمێر ١٠:٣٠ گۆڕەپانی دەروازەی ورچ لە ناوچەی گارە لەلایەن فڕۆكە جەنگیەكانەوە بۆردوومان كرا.
ئەوەشی خستەڕوو ڕۆژی ١٢ی كانوونی دووەم كاتژمێر ١٠:٣٠ نیو فڕۆكە جەنگییەكان ناوچەی ئاوی لۆلان و ناوچەی گۆشینەی سەر بە خواكوڕكیان بۆردوومان كرد. لەو هێرشانەدا هیچ زیانێك بە هێزەكانی گەریلامان نەگەیشتووە.