سەردێر

لەتیف ڕەشید: لەگەڵ لایەنەكان قسەم كردووە، بەڵام داوای واژووم لە كەس نەكردووە

خەڵك-

كاندیدێكی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو كە خۆی كاندیدكردووە پرسی بە كەس نەكردووەو بەمەبەستی ڕوونكردنەوەی بەرنامەكەشی پەیوەندی بە هەموو هێز و كوتلەكان كردووە و زۆربەیان پشتگیری پرۆگرامەكەیان كردووە.

لەتیف ڕەشید كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، لەگەڵ هەموو لایەنەكان قسەم كردووە، بەڵام داوام لە كەسیان نەكردووە واژۆم بۆ بكەن ڕێككەوتنم لەگەڵ بكەن تێگەیشتنی باش هەیە لە نێوان من و هەموو لایەنەكاندا.

سەبارەت بەوەی ئایا لەگەڵ لایەنە كوردییەكانیش قسەی كردووە؟ ناوبراو ڕایگەیاند، وەڵامی ئەو پرسیارە نادەمەوە، وتم لەگەڵ هەموو لایەكان قسەم كردووە، بە بڕوای من ئەو شتانەش هەمووی بە ڕێككەوتن دەبێت، ئەمە پڕۆسەیەكی دیموكراسییە و كەس گەرەنتی پێشوەختە وەرناگرێت دەردەچێت یاخود دەرناچێت.

سەبارەت بە بەرنامەیەكی نوێی بۆ عێراق، ئاشكرایكرد، ئەوەی پەیوەندی بە منەوە هەیە، حەز دەكەم پەیوەندییەكی زۆر توند هەبێت لە نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندی عێراقدا، چونكە حكومەتێكی بەهێزی ناوەند و حكومەتێكی بەهێزی هەرێم لە بەرژوەندی هەموو عێراقە بە كورد و عەرەبەوە، ئێمە لەو ڕێگایەوە دەتوانین پێشكەوتنێكی باش بكەین لە عێراقدا.
دەشڵێت”پێویستە هەوڵبدەین ئەو كێشانە ئەگەر هەیە بە زووی چارەسەر بكەین لە بارەی بابەتی نەوت-بودجە -ماددەی 140ی دەستوری عێراقی، بە بەرنامەیەكی ڕێكوپێك خەریكی چارەسەركردنی ئەو كێشانە بین، دوایش دەبێت تەركیز بكەینەسەر خزمەتگوزارییەكان كە بۆ هەموو بەشێكی عێراقی باشتر بكەین، ئەوە هیوا و ئامانجی منە، هەروەها ئەمن و ئاسایش بۆ خەڵكی عێراق دابینبكەین”.

ڕوونیشییكردەوە، پۆستی سەرۆك كۆمار گرنگی بۆ كورد زیاتر لەوەدایە كە دەتوانیت بەشداری لە حكومەتی عێراق لەو ڕێگەیەوە بكەیت(بەپێی دەستور بەشێكە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن) بڕیارت لەناو حكومەتی عێراقدا هەبێت وە خزمەتی كورد و عێراق لەو ڕێگایەوە بكەیت.

د. لەتیف ڕەشید لەسەر ئەوەی كە پێشتر پرسی بە پارتی و بارزانی كردووە بۆ خۆ كاندیدكردن وتی”بەڕاستی پرسم بە كەس نەكردووە، بەڵام خۆم كاندید كردووە چونكە ئیمانم بە دیموكراتیەتە، هەموو كەس مافی هەیە لەو پڕۆسەیەدا بەشدار بێت، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵ هەموو هێز و كوتلە و هەتا كەسایەتی كە پێویست بێت كردوومە”.