سەردێر

هەڤاڵ ئەبوبەكر دواین بڕیار بۆ پشووی سبەینێ‌ ئاشكرادەكات

خەڵك –
پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا ئەوەی هەیە دەسەڵات دراوە بە تەواوی پەروەردەكانی سنوورەكە لەگەڵ دۆخەكەدا بڕیاری پشوو بدەن و تا ئێستا تەنها باخچەی ساوایان و بازنەیی یەكی بنەڕەتی پشووە، دەشڵێت: “ئەگەر دۆخەكە پێویست بوو بڕیار لەسەر پشوو دەدرێت”.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دەسەڵات دراوە بە یەكە كارگێرییەكانی سنوورەكە، ئەگەر ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتیان دروست بوو بەڕاوێژ بڕیاری پشوو دەدرێت، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەو بڕیارە.

وتیشی، “پەروەردەكان جگە لەبازنەی یەكەم پۆلەكانی (1-2-3) قۆناغەكانی دیكە لە تاقیكردنەوەدان، پەروەردەكان بە ڕەچاوكردنی سەرما و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما تا ڕۆژی 25ی 1ی 2022 بۆ بازنەیی یەك و باخچەی ساوایان و دایەنگەكان دەوام ڕادەگیرێت”.

ڕاشیگەیاند، دەسەڵات دراوە بە یەكە ئیدارییەكانی بۆ ناوچەكانی خۆیان پشوو ڕابگەیەنن ئەگەر دۆخی كەشوهەوا پێویستی بوو، بەڵام لە ئێستادا هیچ بڕیارێكی پشووی فەرمی بۆ تەواوی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم لەم سنوورە نەدراوە.

ئاشكراشیكرد، پێشبینی كەشوهەوا لە بەرچاو دەگیرێت و ڕاپۆرتی ئەوان بەرچاومان ڕوونتر دەكاتەوە بۆ ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی لەم سونورە.