سەردێر

مونا قاوەچی: كەمكردنەوەی كورسی پێكهاتەكان قبوڵ ناكەین

خەڵك-
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، بۆچوون لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و دەستووور جیاوازە، چەند لایەنێكیش قسە لەسەر كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان و شێوازی دەنگدان دەكەن و ئەوەش لای ئێمە ڕەفزە.

مونا قاوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كودستانی ڕاگەیاند، لە كۆتا كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان، داوامان كرد هەموو حزبەكان ڕا و سەرنجی خۆیان بنێرن بۆ پەرلەمان لەسەر پرسی هەموار و هەڵبژاردنی ئایندە، هەموویان وەڵامیان داوینەتەوە لە ڕێگای فڕاكسیۆنەكانەوە، بەڵام ڕای جیاواز هەیە، بەشێكیان سەرنجیان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن هەیە.

دەشڵێت: “ئەگەر بمانەوێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، یەكەم كار، كاراكردنەوەی ئەنجومەنی كۆمیسیارانە و ئێمە وەك دەستەی سەرۆكایەتی لەگەڵ ئەوەین پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن و ڕێفراندۆم لەسەر دەستوور یەك پاكێج بێت وەك پڕۆژەیەكی نیشتمانی”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێك لە حزبەكان دەزانن لە بەرژەوەندییان دەدرێت، دێن و وەك بیانوو پرسی كورسیی پێكهاتەكان دەهێننە ناو بابەتەكەوە و داوا دەكرێت كورسیی كۆتاكان كەم بكرێتەوە و شێوازی دەنگدانیش وابێت توركمان دەنگ بە توركمان بدات مەسیحییەكانیش هەروەها، من لە كۆبوونەوە گوتوومە چۆن شتی وا دەبێت، ئەوە لای ئێمە ڕەفزە، چۆن لە كاتی دەنگدان جیا دەكرێتەوە، ئەوە توركمانە و ئەوەش كوردە، نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆنسوڵخانەكانیش دژین و دوورە لە بنەمای دیموكراسی، جیاوازیی نەژادی و ئایینی دروست دەكات، هیچ حزبێك ناتوانێت بێ وەرگرتنی ڕا و بۆچونی توركمان یاسای كۆمسیۆن هەموار بكاتەوە، تەنها پارتی پشتیوانمان بووە و ئێمە دەزانین سەرۆك بارزانی پارێزەری مافەكانی پێكهاتەكانە و ئەم جارەش ڕێز لە بۆچونی مافی پێكهاتەكان دەگرێت.

ڕاشیگەیاند، قسەمان لەسەر ئەوە كردووە یاسای كۆمسیۆن هەموار بكرێتەوە، نوێنەری پێكهاتەكان لە كۆمسیۆن هەبێت، ئەگەر نیازیشمان هەبووایە یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار بكرێتەوە، دەبوو سەرەتای ئەم خولە هەموار بكرایەتەوە، لە ڕێگەی پڕۆژەیەكەوە تاكوو هەموو هێزەكان لەسەری ڕێك بكەوتنایە، بەڵام ماوەی چەند مانگێك ماوە بۆ هەڵبژاردن و داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكەین ناتوانین بگەین بە ڕێككەوتن و دۆخەكە لەبار نییە بۆ یاسای هەڵبژاردن، وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمان چاوەڕێی ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانین تاكوو نەكەوینە ئاڵۆزی و ململانێوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە وەك پێكهاتەكان لەگەڵ یەك بازنەی هەڵبژاردنەكانین، ئەزموونمان لەگەڵ ئەوەی عێراق هەیە، فرەبازنەیی بەشێكی زۆری دەنگەكان دەفەوتێنێت، نادادپەروەری لە فرەبازنەیی دروست دەبێت، دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی خولی حەوتەم یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێت و ئاماددەكاریی بۆ بكرێت.

جەختیشی كردەوە، لایەنەكان لە كاتی كۆبوونەوەكان لە دەستەی سەرۆكایەتی دەڵێن، لەگەڵ ئەوەین كۆمسیۆن كارا بكرێتەوە و هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت لەگەڵ دەستوور، بەڵام لە پێشكەشكردنی پڕۆژەكانیان لای ئێمە، نەمانتوانیوە بگەینە ڕێككەوتنێك و پڕۆژەیەكی نیشتمانی، نەخێر بۆچوونیان جیایە.