خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشكرای دەكات، كە گۆڕاوی نوێی كۆرۆنا بەناوی (ئۆمیكرۆن) مەترسی بۆ سەر منداڵانیش هەیە و دەشڵیت: “قەدەغەی هاتووچۆ و ڕاگرتنی دەوام دەكەوێتە سەر دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە”.
ڕیاز عەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، نیشانەكانی توشبوون بە ئۆمیكرۆن هاوشێوەی نیشانەكانی نەوەكانی دیكەی كۆرۆنایە و مەترسیی لەسەر منداڵانیش هەیە.
ڕاشیگەیاندووە، پرسی قەدەغەی هاتوچۆ و ڕاگرتنی دەوام دەكەوێتە سەر دۆخی ڤایرۆسەكە لەماوەی داهاتوودا و هەموو ئەگەرێك لە قەبارەی مەترسی ڤایرۆسەكە كراوەیە و بەپێی دۆخەكە بڕیار دەدەن.
ماوەی هەفتەیەكە ڤایرۆسی گۆڕاوی كۆرۆنا لە جۆری ئۆمیكرۆن گەیشتۆتە عێراق و هەرێمی كوردستان و هەردوو وەزارەتی تەندروستی هاتنی شەپۆلی چوارەمی پەتاكەیان بە فەرمی ڕاگەیاند و چەند ڕێكارێكیشیان بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڕاگەیاند وەك خۆكوتان و دەمامك كردن و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و تەندروستی بەغدا-ش بڕیاریدا دەوام بۆ نیوە كەم بكاتەوە.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا ڕووی لە هەڵكشان كردۆتەوە و دوێنێ لە عێراق 3 هەزار و 266 حاڵەت تۆماركرا، كە زیاتر لە هەزار حاڵەتی لە هەرێمی كوردستان بووە.