خەڵك
بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لەنێوەندی شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستان بەفر دەبارێت.
لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێكی چڕی بەفربارین لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و تەواوی ناوچە شاخاوی و كوێستانییەكانی گرتووەتەوە و زۆرێك لە رێگاوبانەكانیش ئاستەنگ بوون.
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی ئەم شەپۆلە بۆ رۆژانی داهاتوو بەردەوامی دەبێت و پێشبینی دەكرێت ئێوارەی ئەمڕۆ و بۆ شەوەكەی بگاتە بەشێك لە نێوەندی شارەكان لەوانە سلێمانی و هەڵەبجە و رانیە.
هاوكات پێشبینی دەكرێت رۆژانی داهاتوو بەفر بگاتە گەرمیان و رۆژی چوارشەممەش بگاتە نێوەندی شاری هەولێر.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بەڕێوەبەراتییەكانی هاتووچۆ هۆشداری دەدەن بە شۆفێران و هاووڵاتیان تا دەكرێت هاتووچۆ كەمبكەنەوە، هاوكات ئەوانەشی زۆر پێویستیان بە چوونەدەرەوەیە رێوشوێنی تایبەت و خۆپارێزی توند بگرنەبەر.
چاوەڕێدەكرێت لەگەڵ شەپۆلە بەهێزەكەی بەفرباریندا سەرمایەكی توندیش بێت، بەجۆرێك لەهێندێك ناوچە پلەكانی گەرما بۆ 15 پلەی ژێر سفری داببەزن.