سەردێر

مەلا بەختیار؛ رێكنەكەوتنی یەكێتی و پارتی دەگەڕێتەوە بۆ قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكانیان

خەڵك –

ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، عیراق لە دۆخێكدایە ، كە شیعە تەواو لێكترازاون و سوننە رێككەوتوون و كورد هێشتا ماوە، رێكنەكەوتنی یەكێتی و پارتی دەگەڕێتەوە پێشتر ناكۆكییەكان ئەوەندە قوڵن سەرەنجام نەمانتوانی رێككەوتنێكی وا بكەین ئامادەبین بۆ هاوپەیمانی چارەنوساز.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی و سیاسی یەكێتی لە دیداری كۆمەڵەی گزنگی كوردستان، كە ئەمڕۆ 15-1-2022 سەردانیان كردبوو ڕایگەیاندووە، لەرابردوودا چەقی خەبات و چالاكی لەشارە گەورەكاندا بوو، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە، خەباتی دیموكراسی و مەدەنی لە شارە گەورەكانەوە، بۆ شارەبچوكەكان، قەزاو ناحییەكان پەرەیسەندووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئێمە میللەتێكی بەدبەختین ، نەتەوەیەكی پەنجا ملیۆنین و لەچوار بەشی كوردستان تەنها ئەم بەشەی كوردستان و ئەم دەسەڵاتەمان هەیە ، نەیپارێزین نائومێدییەكی گەورە لەسەرتاسەری كوردستان دروست دەبێت.

مەلا بەختیار:
رێكنەكەوتنی یەكێتی و پارتی،
دەگەڕێتەوە بۆ قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان!
مەلا بەختیار، لە دیداری كۆمەڵەی گزنگی كوردستان، كە ئەمڕۆ (٢٥/١/٢٠٢٢) سەردانیان كردبوو، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات:
ئەو هەموو گەنج و لاوە لەدەورتان كۆبۆتەوە، سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە گەنج و لاوی ئەم سەردەمە، ئەگەر رێكخراوێك هەبێت دەربڕی بیرو بۆچونەكانی و خولیاكانی بێت، دەتوانێ درێژە بەخەبات و چالاكی و تێكۆشانی دیموكراسی بدات.
هەر لەو دیدارەدا، مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، رونیشیكردەوە: لەرابردوودا، چەقی خەبات و چالاكی لەشارە گەورەكاندا بوو، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە، خەباتی دیموكراسی و مەدەنی لە شارە گەورەكانەوە، بۆ شارەبچوكەكان، قەزاو ناحییەكان پەرەیسەندووە، كە هەر ئەمەشە وادەكات بناغەی كۆمەڵێكی مەدەنی دابنرێت و وردە وردە جیاوازییەكانی شارو لادێ كەمبێتەوە، شارستانی بە ئاسۆیی بڵاوبێتەوە، نەك بە ستونی و وتی:
لە چەند ساڵانی ئاییندەدا، تەكنیك و تەكنەلۆجیا، بەڕادەیەكی زۆر گەشە دەكات مایەی سەرسوڕمانە و هەموو ئەوەش لەخزمەتی ئێوەی گەنج و لاوانی سەردەمدادەبێت.
نەوەی ئێوەش نەوەی تێگەیشتن و پێگەیشتنن، وردە وردە ئەم نەوەیەی ئێوە، دەبنە خاوەنی ئەم وڵاتەو لەناو ئێوەوە ئاییندە دروستدەبێت.
وتیشی: عیراق لە دۆخێكداین، دادگای فیدراڵی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەڵپرساردووە، سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران لە كێشمەكێشێكی زۆردایە، شیعە تەواو لێكترازاون، سوننە رێككەوتوون، بەڵام كورد ڕێكنەكەوتووە، رێكنەكەوتنی هێزە كوردستانیەكان بەتایبەتی یەكێتی و پارتی، دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر، ناكۆكییەكانیان ئەوەندە قوڵ كردەوە، سەرەنجام نەمانتوانی رێككەوتنێكی وا بكەین ئامادەبین بۆ هاوپەیمانی چارەنوساز.
كە لە بەغدا درێژەی بدەینێ و بەهەر هۆیەك بێ كۆبونەوەكانی یەكێتی و پارتی لەسەر هاوپەیمانیەتی عێراق پەكی نەكەوێ! ئەوەش هەڵەبوو، هەموو ئەو دژایەتییە لەپای چی و لەسایەی چی، ئێمە هێشتا میللەتێكی بەدبەختین، نەتەوەیەكی پەنجا ملیۆنین و لەچوار بەشی كوردستان تەنها ئەم بەشەی كوردستان و ئەم دەسەڵاتەمان هەیە، نەیپارێزین نائومێدییەكی گەورە لەسەرتاسەری كوردستان دروست دەبێت.