سەردێر

“ڕاگەیاندنی دوو ئیدارەیی لە هەرێم ئاسان نییە”

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، بابەتێكی زەحمەتە یەكێتی و پارتی بە فەرمی دوو ئیدارەیی ڕابگەیەنن.

هەرچەندە بە بڕوای بەشێك لە چاودێران ئێستا هەرێمی كوردستان بەسەر دوو ئیدارەی یەكێتی و پارتیدا دابەش بووە و بڕیارەكانی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ناچێت بە ڕێوە و بەپێچەوانەشەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی بە فەرمی دوو حكومەتی جیاوازیان هەبێت، هاوكات بەشێكی دیكە پێیانوایە بەهۆی ئەو ململانێیەی ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە ئەم دۆخە بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت.

یاسین تەها، چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێستا هەرێمی كوردستان دوو ئیدارەییە، بەڵام ببێت بە فەرمی ئەوە بابەتێكی عێراقی و هەرێمایەتی و پێویستە.

وتیشی، “ئەو بابەتە ناگونجێت و دەستوور و دەورووبەر ڕێگای پێنادات، دۆخەكەش گونجاو نییە، بەڵام ئێستا دوو ئیدارەییە و بەو شێوەیە دەڕوات، بەڵام لەوانەیە كێشە و ناكۆكی و بەریەكەوتنەكان زیاتر بێت، بەڵام ئەوەی بە فەرمی بگاتە ئەوەی هەركەس زۆنی خۆی جیابكاتەوە پێموانییە ئاسان نییە.

هەرچەندە زیاتر لە 15 ساڵە حكومەتی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر یەكیگرتۆتەوە، بەڵام وەك بەرپرسانی یەكێتی و پارتی ئاماژەی بۆ دەكەن، هیچكامیان لە زۆنی ئەوی دیكە توانای گۆڕینی بەڕێوەبەرێكی قوتابخانەیان نییە، ئەمەش گەورەترین هۆكاری لەدەستدانی متمانەی هاووڵاتانی هەرێمی كوردستانە و كاریگەری لەسەر بەشداری هەڵبژاردنەكانیش كردووە.