سەردێر

نرخی نەوت لە 90 دۆلار نزیك دەبێتەوە

خەڵك-
لەگەڵ دۆزینەوەی چەندین جۆری ڤاكسینی كۆرۆنا و ڕەوینەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە نوێترین جۆری (ئۆمیكرۆن) مەترسی كەمترە بە وتەی زانایانی تەندروستی، هەروەها بەهۆی كەمبوونەوەی یەدەگی ئەمریكا، نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و لە 90 دۆلار نزیك دەبێتەوە، لەكاتێكدا لە ساڵی 2020دا بۆ 5 دۆلار دابەزیبوو.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی (فیكس نیوز دەیلی) بەیانی ئەمڕۆ شەممە 15-1-2022، نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ سەرووی 86 دۆلار بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێكی برێنت بڕی 1.89 دۆلاری چووە سەر و بووە 86 دۆلار و 36 سەنت.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی تەكساسی ئەمریكی 1.70 دۆلاری چۆتە سەر و بووە بە 83 دۆلار و 82 سەنت و ئەوەش بەرزترین نرخە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، كە تۆماركرابێت.

لای خۆشیەوە، ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لە هەواڵێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەڕای دەركەوتنی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن، بەهای نەوت بۆ هەر بەرمیلێك لە یەك مانگدا 15 دۆلاری چۆتە سەر و لە 71 دۆلار و 52 سەنتەوە لە 20-12-2021ەوە، كە لە ئەمڕۆدا بووە بە 86 دۆلار و 36 سەنت.