سەردێر

مەكتەبی سیاسیی پارتی؛ هێرشكردنە سەر بارەگای حزبەكەیان لە بەغدا كارێكی تێكدەرانە

خەڵك –
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێرشكردنە سەر بارەگای پارتی و بارەگای لایەنەكانی دیكە بەكارێكی تێكدەرانە دەزانین و سەركۆنەیان دەكەین و بە ئەنجامدەران و خاوەنی ئەم جۆرە كردەوانەش دەڵێین ئەو ئوسلوب و رەفتارانەتان رێگەی چارەسەری كێشەكان نین بەڵكو بارودۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەكەن.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە هێرشكردنە سەر بارەگای پارتی و بارەگای لایەنەكانی دیكە بەكارێكی تێكدەرانە دەزانین و سەركۆنەیان دەكەین و پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی بكەری ئەم ھێرشانە بدۆزنەوە و بەگوێرەی یاسا سزا بدرێن.

دەقی راگەیەندراوەكە:
دووبارە رەفتاری ناڕەوا و دوور لە ئەخلاقی سیاسی و پێكەوەژیان و دژ بە یاسا بەرامبەر بارەگای پارتیمان لە بەغدا و چەند لایەنێكی سیاسی دیكە ئەنجامدرا و ھێرش كرایە سەریان. ئێمە لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ھێرشكردنە سەر بارەگای پارتیمان و بارەگای لایەنەكانی دیكە بەكارێكی تێكدەرانە دەزانین و ئیدانەیان دەكەین، بە ئەنجامدەران و خاوەنی ئەم جۆرە كردەوانەش دەڵێین، ئەو ئسلوب و رەفتارانەتان رێگای چارەسەری كێشەكان نین بەڵكو بارودۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەكەن.
پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵی بكەری ئەم ھێرشانە بدۆزنەوە و بەگوێرەی یاسا سزا بدرێن، ھەروەھا پاراستنی بارەگا و كادیرانی حزبمان و لایەنە سیاسیەكانی دیكەشیان لەئەستۆ دایە و پێویستە بیانپارێزن.

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
14ـی كانوونی دووەمی 2022