سەردێر

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا؛ كشانەوە لەڕێككەوتنە ناوكییەكەی ئێران هەڵەیەكی گەورە بوو

خەڵك –
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، لە سەردەمی بەڕێوبەرایەتی ئۆبامادا، لەرێگای ڕێككەوتنە ناوكییەكەی ساڵی 2015 وە، بەرنامەی ناوكی تاران -مان سنووردار كرد بوو بۆیە كشانەوەمان لەو رێككەوتنەش هەڵەترین هەنگاو بوو.

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕۆژی پێنجشەممە 13ی ئەم مانگە سەبارەت بەبەرنامە ناوەكییەكەی ئێران لەلێدوانێكیدا بۆ ڕادیۆی NPR ڕایگەیاندووە، بەرنامە ناوەكییەكەی ئێرانمان خستبووە ناو سندوقێكەوە و یەكێك لە هەڵەترین بڕیارەكانی مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاش، كشانەوە بوو لەو ڕێككەوتنە.

ڕاشیگەیاند، ئەنجامی كشانەوەكەیان ئەوەیە، كە ئێمە لە بارودۆخێكی بەرەنگاریداین و زۆر لەوشتەی، كە دەتوانرا ڕێككەوتنێكی باش بێت، دوور كەوتووینەتەوە و پێی نەگەیشتوین و هەروەها ئێران بەشێوازێكی مەترسیدار بەرنامەكانی خۆی پێشخستووە و چالاكییە خراپەكانی لە سەرانسەری ناوچەكەدا گەشە پێداوە. كەواتە ئێمە دەبێت لەگەڵیاندا مامەڵە بكەین وئێمە ئەو كارەش دەكەین.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە لە هەفتەكانی داهاتوودا بتوانین بگەڕێینەوە بۆ ناو ڕێككەوتنەكە، ئەوا باشترین شت دەبێت بۆ ئاسایش و پاراستنی هاوپەیمانان و هاوبەشەكانمان لە ناوچەكەدا، بەڵام ئێمە كاتێكی زۆر كەممان هەیە و ئێرانییەكان زۆریان نەماوە بگەن بە كەرەستەكانی چەكی ناوكی و لە هەمان كاتیشدا لەو بوارەدا هێندە پێش دەكەون كە گەڕانەوەیان زۆر زەحمەت دەبێت، چونكە خەریكی فێربوونی شتەكانن و كاری نوێ دەكەن و هەموو ئەمانەش لە ئەنجامی دەرچوونیانە لەو سنوورانەی لە رێككەوتنەكەدا بۆیان دیاریكرابوو.

ئەمریكا بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دانوستان دەكات بۆ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنە ناوكییەكە و لە ئێستاشدا خولی هەشتهەمی گفتوگۆكان بۆ ئەو مەبەستە لە ڤیەننا بەردەوامە.

هەرچەندە دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی ئەمریكا و ئێران بۆ زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنە ناوكییەكەی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا تاكو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام.

ئەمەلەكاتێكدایە، جۆوبایدن سەرۆكی ئەمریكا، لەو كاتەوەی وەك سەرۆك دەستبەكاربووە، ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران بگەڕێتەوە بۆ ناو رێككەوتنەكە، ئەوا ئەمریكاش دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو ئەو ڕێككەوتنە.