سەردێر

بەوێنە؛ سێ كۆڵبەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی بەفر و كڕێوە بێ سەروشوێنن

خەڵك –
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت ، سێ كۆڵبەری خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دوێنێوە لە ناوچە سنوورییەكانی ئەو شارە وونبوون و هەوڵەكانی خەڵك بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە سێ كۆڵبەری خەڵكی گوندی باوان سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەناوەكانی بارزان میهەنی، ئەسعەد سەیدانی فەرد و بەهلوول سەیدانی فەرد لە ڕۆژی پێنجشەممە 13ی 1ی 2022 بە هۆی بەفر و كڕێوە لە دۆڵی بنار بێ سەروشوێنن.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە ئەو سێ كۆڵبەرە لەكاتی گەڕانەوە لە سنووری توركیا و لە دۆڵی بنار بە هۆی بەفر و كڕێوە ڕێگایان وونكردووە و لەوكاتەوە بێ سەروشوێنن و لە دوێنێەوە هیچ پەیوەندییەكیان بە بنەماڵەكانیانەوە نەماوە و خەڵكی ناوچەكە هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوە و گەڕان بە شوێنی ئەوان دەست پێكردووە.