سەردێر

یەكێك لەخاوەن ئۆتۆمبێلە دزراوەكانى هەولێر قسە بۆ خەڵك دەكات

خەڵك-
كۆمپانیایەك لە هەولێر بە ناوی “رێدڵ” زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی هەولێر وەردەگرێت بۆ ئەوەی گرێبەستیان بۆ بكات و دواتر بیانخاتە سەر كار، بەڵام هەشت ئۆتۆمبێل دەبات، كە نرخیان دەگاتە 450 هەزار دۆلار و یەكێك لە خاوەن ئۆتۆمبێلە دزراوەكان بۆ خەڵك قسە دەكات .

یەعقوب محمد، یەكێ لە خاوەن ئۆتۆمبێلە دزراوەكان  بۆ  (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەڕێگەی گروپی fjk تلیگرام، كە تایبەتە بەهەلی كار، هەلی كارێك بڵاوكرایەوە لە لایەن كۆمپانیای “رێدڵ” كەوا ئۆتۆبێلی جۆری تویۆتا لاندكرۆزەر(وەنەوشە)ی پێویستە بۆ بە كرێدان، بە نرخی مانگانەی ١٨٠٠ دۆلار.

وتیشی ،” بەدواداچوونمان كرد بزانین كۆمپانیاكە فەڕمیە یان ساختە، نوسینگەكەی لەنهۆمی ١٣ی ستار تاوەربوو، نووسراوی ئاسایشیان هەبوو، گرێبەستی كۆمپانیاكە و ستار تاوەر بەناوی خاوەن كۆمپانیا بوو، دوێنێ بەمەبەستی بەستنی سیستەدی GPS ئۆتۆمبێلەكانیان لێ وەرگرتین و لەڕێگەی كارمەندی خۆیان بردیان گوایە دەیبەنەڕێگای مووسڵ، كەچی بۆمان دەركەوتووە لەڕێگەی پیرمام بینراون، ئەو خاوەن كۆمپانیایەی لای ئەوان مابوەوە لەدوای كاتژمێر ۷ دیار نەما”.

ڕٍاشیگەیاند، سەرەتا گومانمان بۆ دروست بوو، بەڵام هەندێ ڕێكاریان گرتەبەر گومانمان ناما، دوای دیار نەمانی خاوەن كۆمپانیاكەش، سكاڵامان تۆماركرد، بەڵام بەبیانووی نەبوونی دەوام و پشوو هیچ كارێكیان نەكرد و ئاسایشیان ئاگادار نەكردبۆوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەشت ئۆتۆمبێلیان بردوە كۆی گشتی نرخیان دەگاتە ٤٥ دەفتەر دۆلار، ئەوانەشی لەكۆمپانیاكەبوون، شێوازی قسەكردنیان هی ناوچەی شەقڵاوەی هەولێر بووە.