سەردێر

هێمن هەورامی بۆ كونسوڵی یۆنان: هاوكارمان بن بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەكانی دەریای ئیجە

خەڵك-
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ د. ستاڤرۆس كیریمێس، كونسوڵی گشتیی كۆماری یۆنان لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كۆبووەوە و داوای لێكرد هاوكاریان بن بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووەكانی دەریای ئیجە.

بەپێی هەواڵێك كە لەلایەن ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە”لە دیدارێكدا كە ئەردەلان محەمەد سەرسپی، سەرۆكی دیوانی پەرلەمان و ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانی پەرلەمان ئامادەی بوون، باس لە چارەنووسی قوربانییان و بێسەروشوێنانی دەریای ئیجە كرا و د. هێمن هەورامی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی بۆ قوربانیانی ئەو كارەساتە، داوای لە كونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی كوردستان كرد هاوكار و هەماهەنگ بن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنان و تەرمی قوربانیانی ئەو ڕووداوە جەرگبڕە و زانینی چارەنووسیان”.

هەر لەو دیدارەدا وەك لە هەواڵەكەدا ئاماژەی پێكراوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندی و هاریكاریی نێودەوڵەتیی لە پەرلەمانی كوردستان ڕاسپاردووە لەگەڵ كونسوڵخانەی گشتیی كۆماری یۆنان لە هەرێمی كوردستان، بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بكەن، كونسوڵی گشتیی یۆنانیش لای خۆیەوە، ئامادەیی تەواوی خۆی نیشانداوە بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەكی پێویست لەو بارەیەوە.

سێشەممەی ڕابردوو 4ی كانوونی دووەمی 2022، كەسوكاری قوربانییان و بێسەروشوێنانی دەریای ئیجە سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و داوایان لە پەرلەمان كرد بەدواداچوون بكات بۆ دۆزینەوەی تەرمی قوربانییان و چارەنووسی بێسەروشوێنانی دەریای ئیجە.