سەردێر

ڕەنگە كاندیدی پارتی بكشێتەوە

خەڵك-
ئەمڕۆ وادەی تۆماركردنی ناوی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆمار كۆتایی دێت و پارتی و یەكێتیش دوو كاندیدیان پێشكەكردووە، چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، كاندیدكردنی هوشیار زێباری بۆ فشارخستنە سەر یەكێتییە و ئەگەر هەیە بكشێنەوە.

بڕیارە 8ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێوەبچێت كە پشكی كوردە، بۆ ئەو مەبەستەش پارتی و یەكێتی یەكی كاندیدێك و سێ كادیدی سەربەخۆی كورد و كاندیدێكی عەرەب خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید كردووە.

یاسین تەها چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ململانێكانی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار درێژكراوەی ئەو ململانێی سیاسییەیە كە لە كوردستان هەیە، ساڵی 2018 دوو كاندید هەبوون و پەیوەندی بە ڕێكەوتن و ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتییەوە هەیە.

دەشڵێت “كاندیدكردنی هۆشیار زێباری، پەیوەندی بە پلانی پارتییەوە هەیە بۆ خولی نوێ كە لەگەڵ سەدر و حەلبوسی هاوپەیمانییەتیەكیان دروست كردووە كە زۆرینەیەك بێت و سەرجەم سەرۆكایەتییەكان لە پاكێجێك یەكلاییبكەنەوە، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڵێی ئەم كێبڕكێیە تاكو سەر دەڕوات، ڕاستە ئەمڕۆ كۆتا ڕۆژە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندید، بەڵام دوا وادە بۆ هەڵبژاردن 8ی مانگی داهاتووە تا ئەوكاتە گۆڕانكاری دروست دەبێت لە ڕەوشی سیاسی و پێشهات، لەوانەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت لەوانەیە كاندید بكشێتەوە و ڕێكەوتن بێتەكایەوە”.

ڕوونیشیكردەوە، هەموو لایەنێك ئامادەكاری خۆی كردووە و كاندیدی خۆی تۆمار كردووە بۆ ئەوەی ئەگەر گفتوگۆكان ئەنجامیان نەبوو، ئەوكاتە بچنە نێو پەڕلەمانەوە بۆ هەڵبژاردن.

ئاشكراشیكرد، ئەگەر بەپێی ڕێكەوتنەكە بێت هۆشیار زێباری یەكلاییدەبێتەوە، بەڵام هێشتا باوەڕێكی زاڵ هەیە كە ئەوە تەنها بۆ فشار و دانوستانە، تاكو كۆتایی درێژە ناكێشێت ئەو خۆكاندیدكردنەكە، ئەوە مەسجێكی پارتییە بۆ یەكێتی كە دەبێت گۆڕانكارییەكان بكات ئەگەرنا ئێمە كاندیدمان دەبێت، زیاتر یاری سیاسییە و بۆ فشاری بەرانبەرە.