سەردێر

جیهان چاوی لە سعودیە بڕیوە و بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدرید ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە

خەڵك-
ئەمڕۆ چوار شەممە، جیهان چاوی لە ڕیازی پایتەختی سعودیە دەبڕێت كە دەستپێكردنی پاڵەوانێتی جامی سۆپەری ئیسپانی بۆ جاری دووەم و بە بەشداریی چوار تیپی ئیسپانی لەئامێزدەگرێت كە هەریەك لە ڕیاڵ و بەرشەلۆنە و ئەتلیتیكۆ مەدرید و ئەتلیتیك بلباون.

یاریگای نێودەوڵەتی شا فەهد لە ڕیاز، لە كاتژمێر 10ی ئەمشەو، میوانداریی كلاسیكۆ چاوەڕوانەكراوەكە دەكات كە لە یەكەم یاریی پاڵەوانێتییەكە هەردوو تیپی ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە لەئامێز دەگرێت.

یاریی دووەم سبەینێ‌ پێنج شەممە 13ی كانوونی دووەم لەنێوان هەردوو تیپی ئەتلیتیكۆ مەدرید و ئەتلیتیك بلباو لە هەمان یاریگا و لە هەمان كاتدا بەڕێوەدەچێت، براوەی هەردوو یارییەكەش لە یەك شەممەی داهاتوو لە 16ی كانوونی دووەم، یاریی كۆتایی دەكەن.

سعودیە لە ساڵی 2020 بۆ یەكەمجار میوانداریی جامی سۆپەری ئیسپانی كرد لە یاریگای شاری وەرزشی شاعەبدوڵڵا لە جدە لەنێوان 8 بۆ 12ی كانوونی دووەمی 2020، لە یاریی كۆتاییشدا ڕیاڵ مەدرید بە پەناڵتی لە ئەتلیتیكۆ مەدریدی ڕكابەری بردەوە.