سەردێر

حكومەتی هەرێم بۆ پارەی نەوت و كارەبا و ئاو بڕیارێكی دەركرد

خەڵك-

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لەچەند بوارێكدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا پەرەپێبدات و وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش گرانبوونی نرخی نەوتی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، تا كۆتایی مانگی شوبات هەر هاوبەشێكی ئاو و كارەبا 15%ی ئەو پارەیەی بۆی دێتەوە لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، بۆ ساڵی 2022 حكومەتی هەرێم پلانی خۆی لەسەر چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەم دادەڕێژێت و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا دەكات و دەبێت هەماهەنگی تۆكمە لەگەڵ بەغدا دروست بكرێت بۆ هاوكاری پێشمەرگە.

وتیشی، “لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگە ڕاپۆرتێكیان دەربارەی دواین بەرەوپێشچوونەكان بۆ هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق خستەڕوو”.

ڕاشیگەیاند، دەبێت تاوەكو 20-1-2022 فەرمانبەران خۆیان بكوتن و دەمامك بكەن بۆ پاراستنیان لە كۆرۆنا، چونكە شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنا هەرێمی گرتۆتەوە.

سەبارەت بە پڕۆژەی پێوەری ئاو و كارەبا وتی، “هەوڵێك هەیە بۆ تێكدانی پلانی حكومەت بۆ ڕێكخستنی ئەو كارە، بەڵام هەندێك حاڵەتیش هەیە و دەرگامان واڵایە بۆ چارەسەركردنی، بەڵام ئەو پێوەرانە ڕێگربوون لەسەر بەفیڕۆچووونی ئاو و كارەبا و پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوەی ئەو پێوەرانە لێبكاتەوە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.

ئاشكراشی كرد، هەر هاووڵاتییەك تاوەكو كۆتایی مانگی شوبات پارەی ئاو و كارەبا بدات ڕێژەی 15% لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت بە مەرجێک تەواوی قەرزی کەڵەکەبووەی پێشوو بدەن.

سەبارەت بە گران بوونی نرخی نەوت وتی، “ئەو نەوتەی ئێستا دابەشدەكرێت بەرمیلی بە 90 هەزار دینارە و حكومەتی عێراق بە نرخی گرانتر دەیدات و لەدەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا نییە، بەڵام ئەوەی پێشتر بە 55 هەزار دینار بوو، كە لە ناوچە شاخاوییەكان دەستی پێكرد، چونكە ئەوانەی لەناو شارەكانن ڕەنگە دۆخی داراییان باشتربێت بۆیە سەرەتا نەوتە هەرزانەكە لەوناوچانە دابەشكرا”.