سەردێر

نیوەی هاووڵاتیانی ئەوروپا تووشی كۆرۆنا دەبن

خەڵك-

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، لە هەفتەی یەكەمی ساڵی 2022دا، 7 ملیۆن هاووڵاتی لە ئەوروپا تووشی كۆرۆنا بوون.

هانس هێنری كلەگ بەڕێوەبەری هەرێمی تەندروستی جیهانی لە ئەوروپا ڕایگەیاند، لە 53 وڵاتی ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست لە 50 وڵاتدا تووشبووی كۆرۆنا تۆماركراوە و خەریكە بەخێرایی دەبێتە ڤایرۆسە زاڵەكە لە ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئێستاش بەرەو باڵكان بڵاودەبێتەوە.
ئاشكراشیكرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خێراییە، پەیمانگەی لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنە تەندروستییەكان پێشبینی دەكات زیاتر لە 50٪ی دانیشتووانی ناوچەكە لە شەش بۆ هەشت هەفتەی داهاتوودا تووشی ئۆمیكرۆن ببن.

هاوكات ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری كۆرۆنا لەنێو منداڵاندا، پێشنیاز دەكات لە پاڵ خوێندنی نێو پۆل، وڵاتان گرنگی بە خوێندنی ئۆنڵاینیش بدەن.
تەندروستی جیهانی پێشنیاز دەكات وڵاتان بەكارهێنانی دەمامك لە شوێنە داخراوەكاندا بكەنە ناچاری و دابەشكردنی ڤاكسین خێراتر بكەن لەنێویشیاندا ژەمی سێیەم، بەتایبەتیش بۆ ئەو كەسانەی مەترسییان لەسەرە، وەكو كەسانی بەتەمەن و كارمەندانی كەرتی تەندروستی.