سەردێر

داوای پێكهێنانەوەی “هاوپەیمانی كوردستانی” لە حزبەكان دەكرێت

خەڵك-
دوای یەكلایی كردنەوەی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەڕلەمان و یەكگرتنی (سەدر و سوننە و پارتی) و لە بەرامبەریشدا بایكۆت كردنی پەڕلەمان لەلایەن یەكێتییەوە و هاوكات پەرتەوازەیی حزبە كوردییەكانی دیكە، كێشمە كێشمەكان بۆ “گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانی و پێكهێنانی حكومەت” دەستی پێكردووە “چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان”یش خۆی وەك گەورەترین كوتلە دەبینێت بەرامبەر بە بەرەی سەدر، بۆیە هاووڵاتیانی هەرێم داوای یەكڕیزی كورد و پێكهێنانەوەی “هاوپەیمانی كوردستانی” دەكەن، تا ببێتە چەتری كۆكەرەوەی كورد لە بەغدا.

هاووڵاتیان داوای یەكڕیزی لە حزبەكان دەكەن
لە ئێستادا لە بەغدا ململانێی توند لەنێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و لەلایەكی دیكەشەوە لەنێوان شیعە – شیعە لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران و وەزارەتەكان هەیە و حزبە كوردییەكانی دیكەش تا ئێستا لەژێر یەك چەتر و بەرنامە خۆیان كۆنەكردۆتەوە و هەندێكیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆنین و هەندێكیشیان لەگەڵ لایەنی عێراقی دیكە چوونە هاوپەیمانییەوە.

بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێرانی (خەڵك) لە سلێمانی و هەولێر، هاووڵاتیان داوای پێكهێنانەوەی “هاوپەیمانی كوردستانی” دەكەن تاوەكو كورد بە یەك بەرنامە و پاكێج بچێتە بەغدا و داوای مافەكانی خۆی بكات لە مووچە و بودجە و پشكی سوپا و ماددەی 140ی تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكان و پشكی كورد لە مافە دەستووریەكان.

ئەو هاووڵاتیانەی بۆ (خەڵك) دواون باس لەوەدەكەن، “كاتێك كورد یەك لیست و بەرەی هەبوو لە بەغدا و هەریەكەی لە ئاوازێك نەیدەخوێند، سەنگ و پێگەی كورد زۆر بەهێز بوو، هیچ یاسا و بڕیارێك بێ‌ كورد تێنەدەپەڕی و دەست بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان نەدەبرا، بەڵام كاتێك كورد پەرتەوازە بوو، لایەنە عێراقییەكانیش بە هەلیان زانی و ئیتر كارلەكار ترازا”.

شەڕی سەرۆك كۆمار و پەرتەوازەیی كورد
لە ئێستادا، كە ململانێكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەستی پێكردووە و لە هەڵبژاردنی پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان چەند لایەنێك هاوكێشەكەیان لە بەرژەوەندی خۆیان گۆڕی، یەكێتی و پارتی بۆ بەشكردنی كێكەكەی عێراق بە شاندی هاوبەش و بێ‌ حزبە كوردستانییەكانی دیكە چووونە بەغدا، بەڵام لەولاوە بەجیا گەڕانەوە و لەبری یەكڕیزی، ناكۆكییان لەسەر پۆستەكان هێنایەوە بۆ هەرێم.

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پێشووی پارتی لە بەغدا و ئەندامی خولی نوێی پەڕلەمان بۆ (خەڵك) هەرچەندە ڕەتی كردەوە لێدوان لەسەر ئەو پرسە بدات و ڕایگەیاند، وشیار زێبار و شاندەكە خۆیان ڕوونكردنەوە و لێدوان لەسەر گفتوگۆكان و ڕەوتی ڕێككەوتنەكان دەكەن، بەڵام وتیشی، “ئەوە چەندین جارە من دەڵێم، كە ئەگەر كورد بە یەك دەنگ و هەموو حزبەكان پێكەوەبن، ئەوا هێندە دەستكەوتەكان گەورەتر دەبن بۆ میللەتەكەمان”.

پێشتریش، عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ئەندامی شاندی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لە بەغدا بۆ (خەڵك) وتی، “پارتی و یەكێتی بە یەك بەرنامەی هاوبەش لە بەغدا گفتوگۆ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلەكەمان و پێمان باشە لایەنەكانی دیكەش لەگەڵمانبن”.

سەبارەت بە پێكهێنانەوەی “هاوپەیمانی كوردستانی” ئاماژەی بەوەكرد، یەكێتی و پارتی بەرنامەی هاوبەشیان هەیە و پێمان باشە لایەنەكانی دیكەش بێن و پێكەوە لەبەغدابین.

لای خۆشیەوە، دلێر حوسێن، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەر ڕێككەوتنێك ئەگەر لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی بێت، ئێمە پێشوازی لێ دەكەین، بەڵام لەهەرێمی كوردستان كۆمەڵێك هێز و لایەنی سیاسی هەن، هەرچەندە ڕاستە جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات بەدەست پارتی و یەكێتی هەیە، بەڵام ئەوانیش كورسی پەڕلەمانیان هەیە.

دەشڵێت: “ئەگەر بۆ بەغداد باس لەمافی كورد و تەواوی هەرێم دەكرێت، دەكرێت بەرەیەكی هاوبەش پێكبهێنرێت وتەنها پارتی و یەكێتی نەبن، پێویستە هەماهەنگی تەواو هەبێت لەناو هێز و لایەنەكان بۆ بەرژەوەندی گشتی، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندی حزبی بێت دابەشكاری پۆستەكان دێتە پێشەوە”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، هەر ڕێككەوتنێك لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی بێت ئێمە پێشوازی لێ دەكەین، هەموو كوردیش بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەرەیەكی هاوبەش پێكبێنن، چونكە بەرژەوەندی كورد و پاراستنی ماف و دەستكەوتەكان لە یەكدەنگی و یەكڕیزیدایە.