سەردێر

حكومەتی هەرێم گران كردنی نەوتی ماڵانی هەڵوەشاندەوە

خەڵك-
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری وەزیری سامانە سروشتییەكان بۆ گران كردنی نەوت لە 55 هەزار دینارەوە بۆ 90 هەزار دینار هەڵدەوەشێنێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، كە هەر خێزانێك بڕی 200 لیتر نەوتی پێ‌ دەدرێت بە 55 هەزار دینار و جەختیشدەكاتەوە، كە تاوەكو ئێستا 63 ملیۆن لیتر نەوت دابەشكراوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی خشتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر خێزانێك ٢٠٠ لیتری پێ دەدرێت بە نرخی ٥٥ هەزار دینار، كە ئەو بڕە نەوتەش لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت و نەوتەكەش لە بەرزترین ئاستی كواڵێتیدایه.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ، كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەماوەی ڕابردوودا لە ناوچە شاخاوی و زۆر ساردەكان نەوتی سپیمان دابەش كرد كە حكومەتی هەرێم دابینی كرد و بەرامبەر 55 هەزار دینار دەدرا بە هاووڵاتیان و تائێستاش لە هەندێك ناوچە بەردەوامە، ئێمە ڕێككەوتنمان لەگەڵ بەغدا هەیە كە 250 ملیۆن لیتر نەوتمان بۆ بنێرێت، ئێستا 50 ملیۆن لیتر دێت و دەست بە دابەشكردن كراوە لە هەندێك ناوچە، بەڵام ئەمەیان بەرمیلی بەرامبەر 90 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان”.

دەقی ڕاپۆرتەكەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری:
لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی نەوتی سپی و دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیاندا، حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە دابەشكردنی نەوت بەسەر سەرجەم هاووڵاتیاندا و تاكو ئێستاش نزیكەی ٦٣ ملیۆن لیتری دابین كردووە‌ و پرۆسەی دابەشكردنەكەش لە سنووری هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك بەردەوامه ‌و وردەكاریی دابینكردن و دابەشكردنی نەوتی سپی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

پارێزگای هەولێر
پارێزگای هەولێر پێویستیی بە (٩٢,٣٤٥,٤٠٠) لیتر هەیه،‌ بەڵام تا ڕێكەوتی ٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بڕی (٢٥,٧١٤,٨١٩) لیتر دابین كراوە و لەو بڕەش (٢٣,٦٩٠,٨٠٠) لیتر بەسەر ناوچە شاخاوییەكانی (چۆمان، ڕواندوز، سۆران، مێرگەسۆر، شەقڵاوە، كۆیە) دابەشكراوە و هەروەها بڕی (١,٥٣٤,٦٠٠) لیتر بەسەر دەورووبەر (واتە خەبات و بنەسڵاوە) دابەش كراوە و ( ٦٧,١٢٠,٠٠٠) لیتر ماوە كە پێویستە دابین بكرێت.

پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە
پارێزگای سلێمانی پێویستیی بە (٩١,٧٤٩,٠٠٠) لیتر هەیە، تاكو ٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بڕی‌ (١٧,١٧٢,٩٨٥) لیتر دابینكراوە و لەو بڕەش (٨,٠٤٤,٠٠٠) لیتر بەسەر ناوچە شاخاوییەكانی پێنجوێن، قەڵادزێ، هێرۆ، هەڵشۆ، شارباژێڕ، قەرەداغ و دوكان دابەش كراوه و ‌( ٦,٨٢٦,٠٠٠) لیتر لە سەنتەری شار دابەشكراوە و (١,٨٥٢,٠٠٠) لیتر لە ناوچە شاخاوییەكانی هەڵەبجەش‌ دابەشكراوە .

پارێزگای دهۆك
بڕی پێویست بۆ پارێزگای دهۆك بریتییە لە (٥٣,٨٢٩,٦٠٠) لیتر، تاكو ٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بڕی (١٨,٥٨٥,٠٠٠) لیتر دابیكراوە و لەو بڕەش‌ (١٣,٣٧٨,٤٠٠) لە ناوچە شاخاوییەكانی ئامێدی، زاخۆ، ئاكرێ، دهۆك و شێخان دابەش كراوە و لە دەورووبەریش واتە (ئاكرێ، سێمێل، بەردەڕەش و شێخان) بڕی (٦,٥٥٤,٢٠٠) لیتر دابەش كراوە، هەروەها بڕی (٣٥,٤٠٥,٠٠٠) لیتر ماوە دابین بكرێت.

بەپێی خشتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر خێزانێك ٢٠٠ لیتری پێ دەدرێت بە نرخی ٥٥ هەزار دینار و كە ئەو بڕە نەوتەش لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت و نەوتەكەش لە بەرزترین ئاستی كواڵێتیدایه.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢