سەردێر

نرخی ئەو بەرمیلە نەوتەی لە عێراقەوە دەهات گرانکرا

كرابە بە 90 هەزار دینار

خەڵك-
وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو بڕە نەوتەی بە 55 هەزار دینار بەبەسەر هاووڵاتیان دابەش دەكرا، ئێستا بەغدا دەینێرێت و نرخەكەی بووە 90 هەزار دینار، ئەمەش لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “لەماوەی ڕابردوودا لە ناوچە شاخاوی و زۆر ساردەكان نەوتی سپیمان دابەش كرد كە حكومەتی هەرێم دابینی كرد و بەرامبەر 55 هەزار دینار دەدرا بە هاووڵاتیان و تائێستاش لە هەندێك ناوچە بەردەوامە، ئێمە ڕێككەوتنمان لەگەڵ بەغدا هەیە كە 250 ملیۆن لیتر نەوتمان بۆ بنێرێت، ئێستا 50 ملیۆن لیتر دێت و دەست بە دابەشكردن كراوە لە هەنژێك ناوچە، بەڵام ئەمەیان بەرمیلی بەرامبەر 90 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان”.

بە وتەی كەمال ئەتروشی”گرانبوونی نرخەكە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و تا دەگاتە هەرێم ئەوەندە دەكەوێت ئەو نەونەوتە، لەم بارودۆخە داراییەشدا ئەو نەوتەی لەماوەی ڕابردوودا توانیمان دابەشی بكەین، یارمەتی و خزمەتێكی زۆر گەورەی بە هاووڵاتیان كرد”.