سەردێر

مەسرور بارزانی؛ نەوت بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف دەفرۆشین

خەڵك –
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نەوت بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف دەفرۆشین و بازرگانی لە خاڵە سنورییەكان روون و شەفافە دەشڵێت،” یەكێتی ئەوروپا عێراقی لابرد لەلیستی ئەو وڵاتانەی مەترسی سپیكردنەوەی پارەیان لەسەرە”.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ، كە (خەڵك ) دەقەكەی بڵاودەكاتەوە ڕایگەیاندووە، پێشوازییەكی گەرم لە بڕیاری یەكێتی ئەوروپا دەكەم بۆ لابردنی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی، كە مەترسی زۆری سپیكردنەوەی پارەیان لە سەرە.

دەشڵێت،” چاكسازیەكانی حكومەت لەبواری دارایی گشتی و شێوازەكانی ئەنجامدانی گرێبەست و ڕێكارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەوازە سنوورییەكان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف كە لەلایەن كۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینی بۆ دەكرێت، بوونەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بكەین”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەم سەركەوتنەی ئەمڕۆ ئێمە بەدەستمانهێناوە، هاوكات لە گەڵ داننانی ئەوروپا بە هەوڵە هاوبەشەكانی هەولێر و بەغدا، پێویستە هاندەرێكی زیاتر بێت بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوانمان لە پێناو دابینكردنی ئایندەیەكی گەشی ئابووری بۆ نەوەكانمان.

پەیامێك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
پێشوازییەكی گەرم لە بڕیاری یەكێتی ئەوروپا دەكەم بۆ لابردنی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی كە مەترسی زۆری سپیكردنەوەی پارەیان لە سەرە. لەم ساڵانەی دواییدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەبەغدا، بەهەماهەنگیی لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، پێكەوە كاریان كردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی باربووكردنی دارایی تیرۆر و تۆڕەكانی تاوان، لە نێویشیاندا ئەنجامدانی زیادكردنی ئاشكرا و ئاڵۆگۆڕ و كاروباری نایاسایی بە دراو.
چاكسازیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری دارایی گشتی و شێوازەكانی ئەنجامدانی گرێبەست و ڕێكارەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەوازە سنوورییەكان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی ڕوون و شەفاف كە لەلایەن كۆمپانیای دیلۆیتەوە وردبینی بۆ دەكرێت، بوونەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەهێزتر شەڕی گەندەڵی بكەین و هەروەها توانیومانە بە شێوەیەكی باشتر، چاودێری داهاتەكانمان بكەین لە ڕێگەی بەستنەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە سیستەمی بانكی جیهانی . ئێستاش لە ڕێگەی برەودان بە هەماهەنگیی دارایی و وەبەرهێنان لە گەڵ یەكێتی ئەوروپا، ئەنجامدانی چاكسازی لە كەرتی بانكی ئاسانتر دەبێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا.
بۆ ئێمە لە كوردستان، ئەم بڕیارەی یەكێتی ئەوروپا، هەنگاوێكی تایبەتییە، داعش هەوڵیدا و شكستی هێنا لە تێكدانی ژیانمان. بۆیە ئێمە لەسەنگەری پێشەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانین بۆ پەكخستن و ڕیشەكێشكردنی هەوڵەكانی بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی و خۆپارەداركردن لە لایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ( گرووپی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی پارەداركردنی داعش) .
ئێمە ئەم گۆڕانكاریانەمان لە پێناو باشتركردنی داهاتووی خۆمان ئەنجام داوە، چونكە ئەگەر ئێمە ئەم چاكسازییە ئابووری و خۆڕێكخستنەوەمان نەكردایە و ڕووبەڕووی كێشەی بازرگانی نایاسایی نەبووبوونایەتەوە، ئێستا ئەو دەرفەتەمان بۆ نەدەڕەخسا بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێكانمان لە ئەوروپا هەماهەنگیی بكەین.
ئەم سەركەوتنەی ئەمڕۆ ئێمە بەدەستمانهێناوە، هاوكات لە گەڵ داننانی ئەوروپا بە هەوڵە هاوبەشەكانی هەولێر و بەغدا، پێویستە هاندەرێكی زیاتر بێت بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوانمان لە پێناو دابینكردنی ئایندەیەكی گەشی ئابووری بۆ نەوەكانمان.
من دڵنیام ئەمە دەبێتە وەرچەرخانێك لە هەنگاونانی كوردستان بەرەو دواڕۆژێكی جیهانیی و ئاسوودە و ئارام بۆ خەڵكی كوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان