سەردێر

فازڵ میرانی: كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دروست دەبێت

پێیوایە سروشتی ژیان وایە و دۆستایەتی و دوژمنایەتی بەردەوام نییە

خەڵك-
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە، ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو پرۆسەیەكی عێراقیانە بووە و لەگەڵ بارودۆخی عێراق دەگونجێت، لەگەڵ ئەمەشدا كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دروست دەكات، بەڵام سروشتی ژیان وایە و دۆستایەتی و دوژمنایەتی بەردەوام نییە.

فازڵ میرانی بە میدیاكانی حزبەكەی ڕاگەیاند”ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پرۆسەیەكی عێراقیانە بوو لەگەڵ بارودۆخی عێراق دەگونجێت، عێراق هەرای سیاسییە، بەداخەوە هەمووان ناگەنە یەك وەك میللەتێك، سروشتی ژیانیش وایە دۆستایەتی و دوژمنایەتی بەردەوام نییە و بەپێی بەرژەوەندییەكان كار دەكات”.

بەوتەی میرانی”بەپێی نزیكی لە لایەنێك لە لایەنێكی تر ڕێكەوتنی سیاسی دەكرێت، ئەمەش بەمانای ئەوە نییە دژی لایەنێكی دیكەی، ئەمڕۆ بەشێكی زۆر لە كوردو شیعە لە بەرەیەكن كە واتای ئەوە ناگەیەنێت لەدژی بەرەكەی دیكەی شیعەو سوونەن، ئەوەی دوێنێ روویدا كۆتایی دونیا نییە، هێشتا قۆناغی دووەم و سێیەم ماوە، ئەگەر كەموكوڕییەك لە قۆناغی یەكەمیش هەبێ مانای ئەوە نییە لەقۆناغەكانی دووبارە بێتەوە، ئەگەر دوێنێ كەموكوڕیەكیش هەبوو بێت با لە قۆناغی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران دووبارە منەبێتەوە”.

بە بۆچوونی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی”ئەمە كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی دەكات، بەڵام بەوتەی خۆی هیوادارە ئەو كاریگەرییە بەردەوام نەبێت، دەشڵێت” پێشتر یەكێتی دەنگیان بە نێچیرڤان بارزانی نەدا بۆ سەرۆكی هەرێم، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی ئەوەی یەكێتی و پارتی بەیەكەوە كار نەكەن، ئەوەی دوێنێش روویدا لە دەنگنەدان بە نێچیرڤان بارزانی گەورە تر نییە”.

سەبارەت بە كاندیدی سەرۆك كۆماریش لەلایەن پارتییەوە، فازڵ میرانی پێیوایە”جارێ پارتی كاندیدی دیاری نەكردوە، ئەوەش پەیامێك بوو بۆ هەندێك كەس كە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ ئەوە، بەڵام لێی تێنەگەیشت”.