سەردێر

سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی: كوڕەكەی سەدر دەبێتە سەرۆكی حكومەت

بە لێدوانێكی بوێرانە دادەنرێت

خەڵك-
سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیار دەكات، كەسێتییەكی نوێ‌ حكومەتی داهاتوو بەڕێوەببات، ئەمەش بە هەنگاوێك بۆ قوتاربوون لە نەبوونی كەسێتییەكی گونجاو لەنێو لایەنە شیعەكاندا دادەنێت.

عائد هیلالی، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە لێدوانێكی ڕۆژنالمەوانیدا ڕایگەیاند”فاكتەری نێودەوڵەتی كاریگەرە بۆ مەسەلەی بڕیاری سیاسی لە عیراق، ئەمەش زیانی نییە بە ڕاوێژ لەگەڵ كەسانی شارەزا، چونكە تائێستا عیراق توێژێكی سیاسی پێگەیشتووی بەرهەم نەهێناوە كە نیشتمان بگەیەنێتە كەنارەكانی دڵنیابوون، بۆیە قۆناغی ئێستا پێویستی بە هەڵبژاردنی كەسێتییەكی گونجاوە بۆ ئیدارەی حكومەت و ڕزگاربوون لەم ڕەوشەی ئێستا، دەشكرێت ئەو كەسێتییە جەعفەر محەمەد باقر سەدر بێت كە دەتوانێت سەركردایەتی حكومەت بكات لە قۆناغەكانی داهاتوو”.

بە وتەی هیلالی”جەعفەر سەدر كوڕی ئال سەدرە لەلایەك و دەكرێت لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە پەسەندكراو بێت، لەلایەكی ترەوە كوڕی محەمەد باقر سەدر دامەزرێنەری حزبی دەعوەیە، بۆیە باشترین كەسێتییە كە دەكرێت سەركردایەتی حكومەت بكات لەماوەی چوار ساڵی داهاتوو”.