سەردێر

عیراق و هەرێم، ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا بەرزبۆوە

 

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 1368 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 310 كەسیش چاكبوونەتەوە، 5 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا كە 3 كەسیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كورۆدستان بوون.


بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 15 هەزار و 319 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 1368 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی زیاتری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە كەركوك و سلێمانی و هەولێر و بەغدا و دهۆك تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە كەركوك 311 و لە سلێمانی 268 و لە هەولێر 208 و لە بەغدا 230 لە دهۆك 115 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 310 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان بەغدا و كەركوك و هەولێر و نەینەوا تۆماركراون، وێڕای گیان لەدەستدانی 5 كەس بە پەتاكە كە 3 كەسیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بوون.