سەردێر

هۆشداری توند دەدرێتە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان

خەڵك
بەهۆی كەمبونەوەی سەعاتەكانی كارەبای نیشتیمانی و پێویستی زۆر بە كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكەن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەردان و چاودێرییەكانیان بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان زیاتر كردووە.

كوردۆ فایەق ، سەرۆكی لیژنەی مۆلیدەی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: ژمارەی سەردانەكانیان بۆ چاودێریكردنی كاری مۆلیدەكان زیاتر كردووە، نزیكەی (700) مۆلیدەی ئەهلی لە سنووری سلێمانیدا هەن، بەهۆی كارپێكردنی زۆرەوە رۆژانە مۆلیدەكان توشی كێشەی تەكنیكی دەبن، بەڵام لە ماوەیەكی كەمدا چارەسەردەكرێن، هەر مۆلیدەیەك لەكاربكەوێت خاوەنەكەی ناچار دەكرێت لەماوەی یەك رۆژدا مۆلیدەی جێگرەوەی بۆ دابین بكات، ئەگەر پابەند نەبێت سزاكەی هەتا لێسەندنەوەی مۆڵەت دەڕوات، چونكە رێگە نادەین هیچ گەڕەكێك بێ كارەبای مۆلیدە بێت.
لەبارەی ڤۆڵتییەی كارەبای مۆلیدەكانەوە وتی: دەبێت لەلای مۆلیدەكە ڤۆلتییەی سریفێس لە (400) و هێڵی ئاسایی لە (200) كەمتر نەبێت، لەم رووەوە بەردەوام چاودێری مۆلیدەكان دەكەین.

 

سەبارەت بە بەرنامەی كاری مۆلیدەكان، كوردۆ فایەق ئاماژەی بەوەكرد كە قائیمقامیەت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوبەرایەتی كارەبای سلێمانی سەعاتەكانی ئیشپێكردنی مۆلیدەكان دیاری دەكان، بەرژەوەندی هاوڵاتیان چی بخوازێت بڕیاری لێ دەدرێت.

 

سەرۆكی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان داوا لە هاووڵاتیان دەكات، لەكاتی هەر گلەیی و گازندەیەك لە هەر مۆلیدەیەك، لە هەر كاتێكدا بێت ، پەیوەندی بە ژمارە موبایلی 07701363679 بكەن بۆئەوەی بەدواداچوونی بۆبكرێت.