سەردێر

چاودێرێکی سیاسی؛ رەوشی هەرێم بەرەو خراپی دەڕوات

خەڵك

پارتی دیموكراتی كوردستان بە پەیامی سەركردەكانیدا دیارە هەنگاوی دیكەیان هەیە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی (سەدر – بارزانی – حەلبووسی) دا ، بۆ دیاریكردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران، چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت؛ پڕۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی عیراق كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە ئێستا ڕەوتێك هەیە و دەیەوێت دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان لەناو ببات.

لەبارەی كاریگەری ئەم رەوشە نوێیە لەسەر هەرێمی كوردستان، عادل عوسمان، چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پارتە سیاسییە كوردییەكان هەڵەیەكی گەورە دەكەن كاتێك هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی عیراق دەكەن بە دەستكەوت بۆ خۆیان ، دەیانەوێت بە ویستی خۆیان بەرنامە ڕێژی بكەن.

دەشڵێت هیچ ڕووداوێكی گەورە ڕووی نەداوە كە ئەوان(بەرپرسە كوردییەكان) بەو جۆرە گەورەی دەكەن و پیرۆزبایی دەنێرن، لەدونیادا كاتێك هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكرێت لە شەو و ڕۆژێكدا هەموو ئەنجامەكان ڕادەگەیەنرێت و سیستم بەڕێوە دەبرێت و هیچ كاریگەرییەك دروست ناكات ، بەڵام لێرە چونكە سیستمەكە دەسەڵاتدارییە دەیانەوێت بیكەن بە دەستكەوت بۆ پارت و هێرەكانی خۆیان.

ئەو چاودێرە دەشڵێت، ئەو پارتانەی لە عیراقدا هەن كۆمپانیای بەرژەوەندین‌ و كار بۆ دەستكەوت و قازانجی خۆیان دەكەن.

بەبڕوای عادل عوسمان، پڕۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی عیراق كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە ئێستا ڕەوتێك هەیە و دەیەوێت دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان لەناو ببات، بەڵام كوردەكان بێباكانە بەشدارن لەگەڵیان و ترسی ناسنامەو پێگەی كوردیان نییە، بەڵكو ترسی پێگەی خۆیانیان هەیە.

دەشڵێت “ڕەشبینم بە داهاتووی هەرێمی كوردستان و دۆخێكی خراپ چاوەڕێی دەكات”.

لە ئیستادا دەنگۆکان  لەسەر دانانەوەی مستەفا كازمی بە سەرۆك وەزیران و هۆشیار زێباری بە سەرۆك كۆمار ئاماژە دەدەن، ئەم رەوشەی لە بەغداش دروستبووە كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت و سەرەتاكەی بە فراوانبوونی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەستیپێكردووە كە شەڕێكی مێدیاییان لەدژی یەكدی دەستپێكردووە.