سەردێر

رۆژئاوای كوردستان داوای هەڵوێست لە ئەمریكا و رووسیا دەكات

خەڵك

تا دێت هێرشەك ئاسمانییەكانی توركیا بۆ سەر شار و شارۆچكەكانی رۆژئاوای كوردستان زیاد دەبن و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش داوای هەڵوێست لە ئەمریكا و رووسیا دەكات.

خۆبەڕێوەبەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە راگەیەندراوێكدا ئاشكراشیكرد هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆسەر ناوچە سنوورییەكان دژایەتییەكی ئاشكرای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیایە.

خۆبەڕێوەبەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەبارەی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا و گرووپە چەكدارە هاوپەیمانەكانی بۆ سەر كۆبانێ و گوندەكانی دەوروبەری دەڵێت: ڕۆژی ٨ی كانوونی دووەم، دەوڵەتی توركیا كۆبانێ و گوندەكانی كردە ئامانج و ١٢ كەس بە ژن و منداڵەوە برینداربوون و هاووڵاتییەكیش شەهید بوو.

ڕاشیگەیاندووە: ئەم هێرشە پەیامێكی ئاشكرای داگیركاریی دەوڵەتی توركیایە كە بە هەموو شێوەكانییەوە لە شەڕ و كۆمەڵكوژیی دژی گەلەكەمان بەردەوامە ‌و دژایەتییەكی ئاشكرای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیایە.

روونیشیكردەوە هەرچەندە لە نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕووسیا و دەوڵەتی تورك سەبارەت بە باكووور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تایبەتی لەسەر سنوور ڕێككەوتن هەیە، ئەو هێزانە دەبێت هەڵوێستی ڕوون و ئاشكرایان هەبێت بەرامبەر بەو هێرشانە ئەگەر هەڵوێست وەرنەگرن ئەوا دەبنە هاوبەشی دەوڵەتی توركیا.