سەردێر

موقتەدا سەدر پەیامێكی بڵاوكردەوە

 

خەڵك
دوای ئەوەی درەنگانی شەوی رابردوو محەممەد حەلبووسی بە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و حاكم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان، هەڵبژێردران، موقتەدا سەدر پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “ئەمە یەكەمین موژدەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانییە”.

رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێكدا پیرۆزبایی لە محەممەد حەلبووسی دەكات كە درەنگانی شەوی ڕابردوو بە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا، هەروەها پیرۆزبایی لە حاكم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا دەكات كە بە جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردارن. هاوكات پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەكات.

رێبەری رەتی سەدر ئاماژەی بەوەش كردووە، هەڵبژاردنی سەرۆك و دوو جێگری سەرۆكی پەرلەمان، “یەكەمین موژدەی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانییە، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەكەم بۆ ئەم هەنگاوە كە هەنگاوی یەكەمە بەرەو بونیادنانی عێراقێكی ئازاد و سەربەخۆ، بەبێ پاشكۆیەتی و تایفیەت و رەگەزی و گەندەڵی”.

سەدر لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت، “با لەم پەرلەمانەوە حكومەتێكی نیشتمانیی خاوێنی خزمەتگوزار هەڵبهێنجین كە پارێزگاری لە سەروەری و بڕیاری وڵات بكات و چاودێریی گەلەكەی بێت، پارێزگاری لە كەرامەتی بكات و هەوڵبدات بۆ چاكسازیی راستەقینە و لێبڕاوانە”.

دوای نزیكەی سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەكشەممە 09-01-2022 هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، محەممەد حەلبووسی وەكو سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، حاكم زاملی وەكو جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان و شاخەوان عەبدوڵڵا وەكو جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردران.