سەردێر

محەمەد بازیانی: داواملێكراوە، پۆستی پارێزگاری كەركوك قەبوڵ بكەم

خەڵك-

لەدیمانەیەكی (خەڵك)دا محەمەد بازیانی سەرۆكی بزاڤی چاكسازی و گەشە ڕایدەگەیەنێت، دۆخی كەركوك هەستیارە و پێویستە بەشێوەیەكی تایبەت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، هاوكات ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، داوام لێكراوە پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرم.

خەڵك: خوێندنەوەتان بۆ دۆخی كەركوك چییە بەتایبەت دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق؟
محەمەد بازیانی: عێراق و كەركوك بەپێی پێشبینی ئێمە بە وێستگەیەكی نوێدا دەڕۆن كە پێدەچێت سەرەتای حەسانەوەیەك بێت پاش هەموو ئەو مەینەتیانەی لە ساڵەكانی ڕابردوودا بەسەریداهاتووە، چونكە ئێستا نەوەیەك دروستبووە ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی ئارام و سەروەری و سوود وەرگرتنە لە خێرو بێری وڵات، هیچ شتێكی دی لای گرنگ نیە، كەركوكیش لە هەمووان زیاتر هەر لە سەردەمی سەرەتاكانی ساڵی 1962 تا ئێستا، ئارامی بە خۆیەوە نەبینیوە.
بۆیە وا تێدەگەم پاش هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم دواییە، كەركوك و عێڕاق بەرەو قۆناغێكی نوێ دەبات، پێموایە جۆرێك لە گەشەكردن و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت و دانیشتوانی بەرەو تەبایی و خۆشەویستی هەنگاو بنێن ئەگەر ڕێژەیش بێت.

خەڵك: بەڕێوەبردنی كاروباری كەركوك بەوەكالەت لەلایەن عەرەبێكی شۆڤێنییەوە تا چەند كاریگەری لەسەر خراپتربوونی كورد هەیە لەو شارە؟
محەمەد بازیانی: پێكنەگەیشتنی پارتی و یەكێتی هۆكارێكی گەورە بوو كە كەركوك بكەوێتە دەستی پارێزگارێكی عەرەب بەوەكالەت لەكاتێدا پشكی كورد بوو، لەگەڵ ئەوەی هۆكارێكی دیكەش هەبوو ئەویش ڕووداوەكانی لەدەستدانی كەركوك بە بەهانەی ریفراندۆمەوە ئەو شارە داگیركرا لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێڕاق و حوكمی سەربازی بەسەریدا سەپێنرا و تەعریب و ڕاگواستن و بەشیعەكردنی شارەكە چڕتر دەستیپێكرد، ئەمەش هۆكارە سەرەكیەكەیە کە ئاماژەمان پێكرد نەبوونی رێكەوتن بوو لە نێوان پارتی و یەكێتی.

خەڵك: پێتانوایە پێویست دەكات بۆ هەمیشە دوو حزبی دەسەڵاتدار پارێزگار بۆ كەركوك دابنێن؟
محەمەد بازیانی: ئەمەی كە ئێستا هەیە واقیع و دیفاكتۆیە، چونكە دوو هێزی سەرەكین لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا، ئەبێت تاكو موعادەلە سیاسیەكە دەگۆڕێت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، گرنگ ئەوەیە ئەو دوو حزبە بەرژەوەندی میللەت نەكەنە قوربانی بەرژەوەندی حزبی، چونكە خۆشیان زەرەر دەكەن وەك ئەوەی ڕوویدا دەسەڵاتیان لە 51% ی خاكی كوردستان لەدەستدا، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ژیرانەتر مامەڵە بكەن.

خەڵك: ئێوە وەكو كەركوكی كێ بە باش دەزانن بۆ ئەو پۆستە؟
محەمەد بازیانی: بەندە بابەتێكم لە پەیجی خۆم بڵاوكردەوە تیایدا ئاماژەم بە سیفەت و خەسڵەتەكانی ئەو كەسە كردبوو گرنگترینیان:
1_ دەبێت‌كەركوكییەكی ڕەسەنی خەڵكی كەركوك بێت، كەسایەتیەكی سەربەخۆ.
2- زمانی كەركوكیان بزانێت بە كوردی و توركمانی و عەرەبی قسە بكات.
3-خاوەن كەسایەتیەكی بەهێز بێت و ئەزموونی كۆمەڵایەتی و سیاسی و حوكمداری هەبێت.
4- خاوەن سومعەیەكی باش بێت و نەگلابێت لە گەندەڵی.
5- پیاوێكی قانونی و ئیداری و قسە زان بێت.
6- پارتی و یەكێتی و حزبەكان پاڵپشتی بن و ئەویش بە یەك ئاست مامەڵە لەگەڵ هەمووایاندا بكات و بەهیچ لایەكدا داینەتاشێ، بەڵكوخزمەتی هاووڵاتیان و ئاوەدانكردنەوەی كەركوك بكات.
ئەگەر پارتی و یەكێتی ئەم دەرفەتە لەدەستبدەن میللەتی كورد بە تایبەت كەركوكیەكان بە پلەی یەكەم زەرەرمەند دەبن.

خەڵك: تا ئێستا یەكێتی و پارتی داوایان لە خەڵكی دەرەوەی خۆیان كردووە بۆ پارێزگاری كەركوك؟
محەمەد بازیانی: ئەوەی من پێی گەیشتومە هەردوو حزب تا ئێستاش ئارەزوو دەكەن پارێزگار لە حیزبەكەی خۆیان بێت و داكۆكی لەسەر دەكەن، ئەوەش زەحمەتە، بۆیە ئەگەری دووم زیاترە ئەویش ڕێككەوتن لەسەر كەسایەتیەكی سەربەخۆ، نە یەكێتی بێت نە پارتی پەسەند بێت لەلایەن هەردوو حزبەوە، بۆیە لەناو كادیرەكانیاندا و لەناو سیاسەتمەداران و توێژەرەكان ناوی هەندێك كەسایەتێ دێت، بە دووری نازانم لە داهاتوودا قسەیان لەگەڵ بكرێت.

خەڵك.ئێوە ئامادەییتان هەیە ئەو پۆستە وەربگرن؟
محەمەد بازیانی: بەندە وەك كوردێك و وەك كەركوكیەك هەرچی لە خزمەتی دۆزی میللەتەكەم و شارە خێر لەخۆنەدیوەکەم بێت ئامادەم، بەمەرجێك پاڵپشتم‌ بن و دەستكراوە بم ،بەیەك چاو تەماشای هاووڵاتیانی شارەكەم بكەم بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئینتمای قەومی و حیزبی و دینی.

خەڵك: عێراق دۆخێكی تایبەتی هەیە، پێتوایە بەبێ پاڵپشتی حزبە دەسەڵاتدارەكان بتوانن سەركەوتووبن لەو كارە؟
محەمەد بازیانی: ئەو سەرۆك ئەنجومەنی وەزیرانەی كە دەبێتە سەرۆك، ئامانجی ئەوەیە سەربكەوێت، وا تێدەگەم گرفتی كەركوك یەكێكە لە گرفتەكان لە پێشی، بۆیە وا تێدەگەم هاریكاری زیاتری هەبێت دڵی كورد رازی بكات لە ڕێگای پارێزگارەكەیەوە، بەڵام گرنگە دوو حزبی دەسەڵات هاریكاری و هەماهەنگی باشی لەگەڵدا بكەن.

خەڵك: كارتان بۆ كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، یان دەتانەوێت لایەنەكان ڕێكەوتنی لەسەر بكەن؟
محەمەد بازیانی: كادیرانی هەردوو حیزبی سەرەكی و حیزبەكانی تری كوردستان پەیوەندییان پێوەكردووم یان بە نامە و كۆمێنت بە باشیان زانیوە ئەگەر داوام لێكراو یەكێتی و پارتی كۆك بن لەسەر كاندیدكردنم قەبوڵی بكەم، بە مەبەستی خزمەتكردنی شاری كەركوك و نەسڕینەوەی كوردستانیەتی.