سەردێر

دوو عەلوەی نوێ‌ لە سلێمانی دەكرێنەوە

خەڵك-
ئەمڕۆ عەلوەی سەوزە و میوەی هوانە لە ڕۆژهەڵاتی سلێمانی كرایەوە و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگیشدا عەلوەی ڕۆژئاوای سلێمانی بكرێتەوە.

عەلوەی سەوزەو میوەی هوانە لە شاری سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ یەك شەممە بەرواری ٩/١/٢٠٢٢ عەلوەی سەوزە و میوەی هوانە لە شاری سلێمانی كرایەوە و ئێستا ئامادەیە بۆ پێشوازی كردن لە سەرجەم جوتیاران و كڕیار و فرۆشیاری سەوزە و میوە.

ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستاوە پێشوازی دەكەن لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم پارێزگاكانی عێراق، كە بە گونجاوترین نرخ، باشترین جۆری سەوزە و میوە تێیدا بە بازاڕی دەكرێت.

سەرچاوەیەكیش لە عەلوەی سلێمانی بۆ (خەڵك) لە ڕۆژی شەممەی داهاتوو 15-1-2022ەوە عەلوەی ڕۆژئاوای سلێمانی، كە دەكەوێتە ناوچەی تاسڵوجە دەكرێتەوە.

ڕاشیگەیاند، لە عەلوەی ڕۆژئاوا بۆ هەموو بەرهەمێكی ناوخۆیی بڕی 3% عمولە وەردەگیرێت و ئەو بەرهەمانەشی لە دەرەوە دێن بە نرخێكی زۆر كەم دەفرۆشرێن.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو كڕیارانەی سەردانی عەلوەكە دەكەن بۆ ئۆتۆمبێلی كەتەر بڕی 15 هەزار دینار و بۆ ئۆتۆمبێلی كیا و پیكاب بڕی 10 هەزار دینار دەگەڕێتەوە بۆ شۆفێر.