سەردێر

لەسەر لێكردنەوەی پێوەری ئاو هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدرێت

خەڵك –
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر كەسایەتی و میدیایەك لەپشت ئەوە بن هاووڵاتییان دەستبەرداری پێوەری ئاو بن، تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن، دەشڵێت: “زیاتر لە 67%ی ماڵان پێوەریان بەستووە، كە دەكاتە زیاتر لە یەك ملیۆن هاوبەش”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ماوەیەكە لەلایەن ژمارەیەك كەس و میدیاوە، هانی هاووڵاتییان دەدرێت، كە پابەندی بەستنی پێوەری ئاو نەبن یان ئامێری پێوەرەكەیان لێ بكەنەوە، كە ئەمە زیان بە سامانێكی گرنگی نیشتمانی دەدات، كە ئاوەو دەبێتە هۆی بەهەدەردانی.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە بەپێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ساڵی 2021 خەرجی گەیاندنی ئاوی خاوێن لە تەواوی هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە 117 ملیار دینار، لەكاتێكدا تەنیا 42 ملیار دینار داهات كۆكراوەتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، هەر كەسایەتی و میدیایەك، هەر هۆكارێكی حیزبی یان هۆكاری دیكەی لەپشت بێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان دەستبەرداری پێوەری ئاو بن، تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، هەموو ڕێكارێكی یاسایی بەرانبەریان دەگرێتە بەر.

دەقی ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو:

پابەندبوون بە پێوەری ئاو ئەركێكی نیشتمانییە
ماوەیەكە لەلایەن ژمارەیەك كەس و میدیاوە، هانی هاووڵاتییان دەدرێت كە پابەندی بەستنی پێوەری ئاو نەبن یان ئامێری پێوەرەكەیان لێ بكەنەوە كە ئەمە زیان بە سامانێكی گرنگی نیشتمانی دەدات كە ئاوەو دەبێتە هۆی بەهەدەردانی. بەستنی پێوەری ئاو، لەپێشدا ڕێگریكردنە لەو بەهەدەردانەو هەلی گەیشتنی ئاوی خاوێن بە هەموو هاووڵاتییان مسۆگەر دەكات و دواترین خاڵ بریتییە لە كۆكردنەوەی داهات كە بەپێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ساڵی 2021 خەرجی گەیاندنی ئاوی خاوێن لە تەواوی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 117 ملیار دینار، لەكاتێكدا تەنیا 42 ملیار دینار داهات كۆكراوەتەوە.
پێویستە لێرەوە ڕای بگەیەنین، هەر كەسایەتی و میدیایەك، هەر هۆكارێكی حیزبی یان هۆكاری دیكەی لەپشت بێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان دەستبەرداری پێوەری ئاو بن، تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، هەموو ڕێكارێكی یاسایی بەرانبەریان دەگرێتە بەر.
بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان دەكەین، نەكەونە ژێر كاریگەریی هیچ ئەجێندایەكی كەسی یان لایەنی سیاسی كە دەیانەوێت زیان بە سامانێكی گەورەی نیشتمانی بگات و هاووڵاتییان وەك ئامرازی ململانێی خۆیان بەكار بهێنن. بەدڵنیایییەوە هەموو ڕێكارێكی یاسایی بەرانبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتە بەر. خۆشبەختانە هاووڵاتییان ئەركی نیشتمانیی خۆیان دەزانن و تا ئێستە زیاتر لە 67%ی ماڵان پێوەریان بەستووە كە دەكاتە زیاتر لە یەك ملیۆن هاوبەش.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ