سەردێر

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە هەولێرەوە: داعش كۆتایی نەهاتووە

خەڵك-
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، كە بە سەردانێك لە هەرێمی كوردستانە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە، ڕایگەیاند، داعش كۆتایی نەهاتووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 9ی 1ی 2022 كریستین لامبرێت، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

كریستین لامبرێت، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە لێدوانێكی بۆ میدیاكان لە هەولێر ڕایگەیاند، ڕێزی خۆم بۆ گەلی كوردستان لە شەری دژی داعش دووپات دەكەمەوە.

ڕاشیگەیاند، داعش كۆتایی نەهاتووە و وەك ئەڵمانیا یارمەتیدەر دەبین بۆ كۆتایی هاتن بە داعش.

جەختیشی كردەوە، كە گەڕامەوە بۆ وڵاتەكەم، پرسی شەڕی داعش و هاوكارییەكان بۆ پێشمەرگە تاوتوێ‌ دەكەین و وتیشی، “لەماوەی ڕابردوودا هاوكاریمان پێشكەشی پێشمەرگە كردووە”.

لای خۆشیەوە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆكی هەرێم و وەزیری بەرگری ئەڵمانیا هاوڕابوون، كە شەڕی دژی داعش كۆتایی نەهاتووە و مەترسی و هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ناوچەكە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەوروپا و ڕۆژئاواش.

ڕاشیگەیاندووە، پەیوەندییەكانی هەرێم و ئەڵمانیا و بوارەكانی هاوبەشی و هاوكاری نێوانمان و پرسی بەرەنگاربووونەوەی تیرۆر و مەترسییەكان داعش تاوتوێ‌ كران.