سەردێر

پارتی كاندیدی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق دیاریكرد

خەڵك
پارتی شاخەوان عەبدوڵا ی وەك كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق دیاریكرد.

ئێستا، شاخەوان عەبدوڵا لە پارتی و موسەننا ئەمین لە یەكگرتوو لە كێبڕكێدان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق و پێدەچێت لە نەوەی نوێش سروە عەبدولواحید، كاندید بێت بۆ ئەو پۆستە.

 

ئەمڕۆ یەكشەممە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی عیراق بەڕێوە دەچێت، بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەكە مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەران و كاندیدی براوەی ئەم خوولەیە، وەك سەرۆكی كاتیی ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكە دەكات كە كەسایەتییەكی سوننیە.

 

هاوكات شاندی باڵای یەكێتی و پارتی لە بەغدان، بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆكی پەڕلەمان.

 

هەرچەندە یەكێتی و پارتی بەشاندی هاوبەش چوونە بەغدا، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەو دوو لایەنە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن، یەكێتی سوورە لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح و پارتیش ڕەتیدەكاتەوە.

 

بەپێی چەند سەرچاوەیەك لە حاڵێكدا كە سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە دەبێتەوە بەوەی یەكێتی و پارتی هەردوولایان كانیدیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەو كاتەدا یەكێتی پشتیوانی موسەننا ئەمین كاندیدی یەكگرتوو بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكات.

هیچ گەرەنتییەک نییە ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و جێگرەکانی هەڵبژێردرێن