سەردێر

زارا شكۆی نەتەوەیەكی بندەست

 

خەڵك

زارا محەمەدی شكۆی نەتەوەیەكی نزیك بە 50 ملیۆنی داگیركراوە لەنێوان چەند دەوڵەتێكی سەردەستی ناوچەكەدا، كە پێی رەوا نابینن تەنها بە زمانی دایكی بنووسێت بە پێچەوانەى هەموو بنەماكانەوە، ئەم جەنگەی زارا لەسەری چووە زیندان شكۆی نەتەوە بن دەستەكەیە.

زارا محەمەدی مامۆستای زمانی كوردی بەتۆمەتی فێركردنی زمانی كوردی لەلایەن دادگای ئێرانەوە بە 5 ساڵ زیندانیكردن سزا درا و دوێنێ بۆ بەسەربردنی ماوەی زیندانییەكەی چووە گرتووخانەی سنە.

زارا بە پۆشاكی كوردی رەنگاو رەنگ لەنێو ئاپۆڕای جەماوەری سنەدا چووە نێو زیندانەوە، ئەو رایگەیاند قوڕبەسەر ئەو دووژمنەی هیوای بە بەندینخانەیە و راشیگەیاند بەرپرسیارن بەرامبەر بە نەوەكانی ئایندە و لەنێو زیندانیشدا لەسەر بیروباوەڕ و بەرنامەكانی توندتر دەبێت.

سزادانی زارا كاردانەوەی لەسەر ئاستی چوارپارچەی كوردستان بەدوای خۆیداهێناوە، ئەو وەك جەنگاوەر و پێشمەرگە و بەرگریكاری سەرسەختی نەتەوەی كورد لە سەردەمێكی نوێدا پێناسە دەكەن.

زارا هەرچەندە هاوسۆزی لە رادەبەری بۆ دەربڕدرا، بەڵام جێگەی نیگەرانییە كە دەسەڵاتی حیزبی باشووری كوردستان لەسەر ئاستی سیاسی و حیزبەكانی دیكەی پارچەكانی دیكەی كوردستانیشەوە بەپێی پێویست هاوسۆزی بۆ دەرنەبڕدراوە.

ئەمە لە حاڵێكدایە سەركردەی حیزبەكانی هەرێم چەند رۆژ لەمەوبەر بوو شیعر و شانامەیان بۆ فەرماندەیەكی كوژراوی ئێران دەگوت.

حیزب و رەوتە ئیسلامییە سیاسییەكانیش لەلایەكی دیكەوە خۆیان پەناگرتووە نە بە چاك و نە خراپ خۆیان نادەن لەو بابەتە، بەڵام ئەوان بۆ غەزە و حەماس لەسەر جادەن و نزا و دۆعا بۆ ئەردۆغان و مووڕسی دەكەن لەكاتی تەنگانەدا، بۆیان بلوێت، دەبێت هەموو كورد بچن بۆ جەنگی غەزە و میسر دژی ئیسرائیل و سیسی، كەچی بۆ زاراكەی كورد خۆیان متكردووە.

شرۆڤەكاران و مێژوونووسان لەوبڕوایەدان هەر ئەم هۆكارانەی ئێستا بووە كە كورد لە رابردوودا نەیتوانیوە وەك نەتەوەیەكی گەورە بە ئامانجەكانی بگات و بە بن دەستی ماوەتەوە.