سەردێر

پۆستی سوننە و كورد لە پەڕلەمانی عێراق ڕادەگەیەنرێت

خەڵك-
وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە پۆستی سەرۆكی پەڕلەمان بۆ سوننە و جێگرەكەی بۆ كورد یەكلایی بۆتەوە.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە كورد هاوبەشی ڕاستەقینەی دەوێت لە عێراقدا بەپێی دەستوور و هاوبەشی لە بڕیارداندا.

ڕاشیگەیاند، شاندی هاوبەشی تەقەدوم و عەزم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوری و خەمیس خەنجەر هاتوونەتە هەرێم و ئەمڕۆ لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەتەوە و گفتوگۆ كراوە لەسەر كۆبوونەوەی سبەینێی پەڕلەمانی عێراق.

ئاشكراشی كرد، پۆستی سەرۆكی پەڕلەمان بۆ سوننە یەكلایی بۆتەوە و تەقەدوم و عەزم هەر ئەمڕۆ تا سبەینێ‌ كاندیدی خۆیان ڕادەگەیەنن و هاوكات پۆستی جێگری سەرۆكی پەڕلەمان، كە پشكی كوردە یەكلایی دەكرێتەوە و لەلایەن ئەو لیژنە باڵایەی یەكێتی و پارتی، كە لە بەغدایە ڕادەگەیەنرێت.

بەپێی زانیارییەكان، سبەینێ، كە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەڕلەمان دەدرێتە پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو حزبەش (شاخەوان عەبدوڵا) كاندید دەكات بۆ ئەو پۆستە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، سوننەكان ڕێككەوتوون محەمەد حەلبوسی ببێتەوە بە سەرۆكی پەڕلەمان و لەبەرامبەردا خەمیس خەنجەر پۆستێكی بالای لە سەرۆكایەتی كۆمار پێ‌ بدرێت.